هێمن هەورامی: کەمال کەرکووکی لە ئەرکەکەی بەردەوامە

K24 - هەولێر

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی کراون و رایگەیاند: کەمال کەرکووکی لە ئەرکەکەی بەردەوامە.

هێمن هەورامی، گوتی: "کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو یەکێک لە تێکۆشەرە دێرینەکانی پارتی، داوای مۆڵەتێکی کردبوو کە خۆی و خێزانەکەی بڕواتە دەرەوەی وڵات، نەریتیش وایە کاتێک بەرپرسی یەکەم لە هەر ئۆرگانێک مۆڵەت وەردەگرێت یاریدەدەرەکەی کارەکانی بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەو بابەتەی کاک کەمال پێش رەزامەندی کۆتایی لەبارەی مۆڵەتەکەی بدرێت، بە جۆرێکی دیکە لێکدرایەوە کە دوورە لە راستییەوە، مۆڵەتەکەی کاک کەمال لە سەرکردایەتی ئێمەوە قبووڵ نەکراوە، بۆیە بەپێچەوانەی ئەو چەواشانەی کراوە کاک د. کەمال کەرکووکی لە ئەرکی خۆی بەردەوامە".

گوتیشی: "د. کەمال کەرکووکی جگە لەوەی ئەندامی مەکیتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانە، هاوکات سەرۆکی ژووری عەمەلیاتی هەڵبژاردنە لە سنووری پاریزگای کەرکووک".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لەبارەی کەمال کەرکووکی هەیە ئەوان سەرجەم دەنگۆکان رەتدەکەنەوە.

کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیان بە کوردستان24ی گوت: "هەوڵێکی زۆری لەلایەن خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر دراوە بۆ چەواشەکردنی ئەو بابەتە، کەسێک ئەگەر مۆڵەت وەربگرێت یان گۆڕانکاری بکرێت زۆر ئاساییە، بەتایبەتی لە حزبێکی وەکو پارتی، ئێمە هەموومان پێشمەرگەی کاک مەسعود بارزانین، ئەگەر هەر کەسێک سزاش بدرێت گەورەیە، بەڵام ئەوەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر کردیان بۆ چەواشەکارییە".

راشیگەیاند: "خەڵکی کوردستان لە دڵی ئێمەدان و پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتکاری خەڵکی کوردستانە، بەتایبەتی کەرکووکی دڵی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەموومان پێشمەرگەی کاک مەسعود بارزانین، مۆڵەتەکەمان دواخست و لە کار و ئەرکی خۆمان بەردەوام دەبین".

Fly Erbil Advertisment