لە کەرکووک 234 کاندید لەسەر 16 کورسی کێبڕکێ دەکەن

K24 – کەرکووک

ئەمڕۆ چوارشەممە 01-11-2023، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد، لە سنووری پارێزگای کەرکووک 234 کاندید لەسەر 16 کورسی کێبڕکێ دەکەن.

عەلی عەباس، وتەبێژی نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە کەرکووک 10 هاپەیمانێتی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەن، بە گشتی 234 کاندید لە هەڵبژاردنەکە بەشدارن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆمەڵێک پێشێلکاری لەلایەن کاندید و هاوپەیمانێتییەکان کراوە، لەلای ئێمە تۆمارکراون و ناردومانە بۆ کۆمسیۆن".

وتەبێژی نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک، گوتیشی: "تائێستا هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، داوا لە کاندیدەکان دەکەین پابەندبن بە یاساکانی کۆمسیۆن لە بانگەشەی هەڵبژاردن".

عەلی عەباس، جەختیکردەوە: "ماوەی 45 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان بەردەوام دەبێت، 48 کاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بانگەشە رادەگیرێت".

ئاشکراشی کرد، تائێستا 200 هەزار کارتی بایۆمەتر وەرنەگیراونەتەوە، داواشی لە هاووڵاتییان کرد، بچن کارتەکانی بایۆمەتر وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.

 

بڕیاره‌ رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق بە بەشداری زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی، دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە، پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی. کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

Fly Erbil Advertisment