عەلی عەونی: دەمانەوێت ئەزموونی پێشکەوتنی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق بگوازینەوە

K24 - هەولێر
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، "دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق سوود لە ئەزموونی ئاوەدانی و ئەمنییەتی کوردستان وەربگرن". ئاماژە بەوەش دەدات، "لە مووسڵ حەشدی شەعبی ئاستەنگی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدانمان دروست دەکات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-11-2023، عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی پێیوایە، بڕیاربەدەستانی بەغدا نایانەوێت خزمەتگوزاریی پێشکەشی خەڵکی خۆیان بکەن و، "رێگە نادەن ئێمەش خزمەتی گەلەکەمان بکەین. ئاستەنگ دروست دەکەن، بودجە نانێرن و نایانەوێت ئەم ئاودەدانییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەردەوام بێت".
عەلی عەونی کە هاوکات بەرپرسی لقی یەکی پارتییە، دەڵێت: "دەمانەوێت ئەزموونی ئاوەدانی، ئەمنییەت و پێشکەوتنی کوردستان بۆ مووسڵ، ئەنبار و شارەکانی دیکەی عێراق بگوازینەوە. داوا (لە بڕیاربەدەستدانی عێراق) دەکەین بێن و سوود لەم ئەزموونە ببینن".
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بە گوتەی بەرپرسی لقی یەکی پارتی، "لە مووسڵ کاندیدانمان (کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا) نووسینگەیەکیان کردەوە بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، کەچی براداەرانی حەشدی شەعبی لە تەنیشتیان بارەگایەکیان دانا بۆ ئەوەی کاندیدانمان نەتوانن وەکو پێویست بانگەشە بکەن. ئەم جۆرە رەفتارانە باشنین و رەفتاری دەوڵەتداری و دیموکراسییەت نین".