هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە، کە کۆبوونەوەکە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و تاوتوێی پرسە ئەمنییە جیاوازەکان دەکەن، لەوانە شەڕی رووسیا دژی ئۆکرانیا و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان سربیا و کۆسۆڤۆ.
وەزیری ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ بە میدیاکانی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت وەزیرەکان لە ماوەی دوو رۆژ کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی رووسیا لە دەرەوەی ئۆکرانیا بکەن.
هەروەها تاوتوێی ئەو تۆمەتانەی هێلسنکی دەکرێت کە دەڵێت: مۆسکۆ لەم دواییانەدا رێگەی بە دەیان کۆچبەری نایاسایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە داوە لە رێگەی رووسیاوە بۆ فینلاند گەشت بکەن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان سربیا و کۆسۆڤۆ دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی ناتۆ لە چەند مانگی رابردوودا هێزی زیادەی جێگیرکردووە بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاشتیپارێزی خۆی لە کۆسۆڤۆ، ئەمەش دوای هێرشێک دێت بۆ سەر پۆلیسی کۆسۆڤۆ.
ستۆڵتنبێرگ گوتیشی، "هاوپەیمانی هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا"، ئەمەش بۆ هاوپەیمانی گرنگە، "ئێمە لەوێ مێژوومان هەیە، ئامادەبوونمان لەوێ هەیە".
بڕیارە سبەی چوارشەممە، دیمیترۆ کولێبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا پەیوەندی بە هاوتاکانی لە ناتۆدا بکات، هەروەها بڕیارە ئەندامانی ناتۆ بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ بکەن.
پێش کۆبوونەوەکە، ستۆڵتنبێرگ جارێکی دیکە داوای لە تورکیا و هەنگاریا کرد کە بە خێرایی پرۆسەی بەئەندام بوونی سوید لە ناتۆ بەرەو پێشەوە ببەن. دەڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە".