شاخەوان عەبدوڵڵا: هێرشکردنەسەر گەنجە کوردەکەی کەرکووک بە هۆی جل و بەرگە کوردییەکەی بوو

شاخەوان عەبدوڵڵا
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 – هەولێر :

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو گەنجە کوردەی لە کەرکووک لەلایەن چەند گەنجێکی عەرەب هێرشی کرایە سەر، بەهۆی پۆشینی جل و بەرگە کوردیەکەی بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ( 20-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی، ئاماژەی بەوە کردووە، بەدواداچونیان بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییە کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە و  تیایدا دەردەکەوێت، گەنجێکی کورد لەلایەن هەندێک گەنجی عەرەبەوە روبەڕووی دەستدرێژی و لێدان و سوکایەتیکردن دەبێتەوە بەهۆی پۆشینی جل و بەرگی کوردی.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت، شوێنەکە بەردەم بارەگای پارێزگای کەرکوکە، دەشڵێ: ئێمە بڕوای تەواومان هەیە عەرەبە رەسەنەکانی خەڵکی شارەکە بێبەرین لەو کردەوە قبوڵ نەکراوەو  رەتکراوانە، ئەوانەی ئەو دەستدرێژییەیان ئەنجامداوە نامۆن و پەروەردەکراوی بیری بەعس و شۆفنییەکان و، لە پاشماوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعشن کە لەم ساڵانەی دوایدا هاتونەتە ناو شارەکە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکەن، دەشڵێ:  لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیونەکانی  کەرکووک لە پەیوەندیدابوین و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان بەڵێنی پێدام پەلە بکات بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بکەران بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن ، داواشی لە لەلایەنە ئەمنیەکان کرد بەزوترین کات ئەو بکەرانە دەستگیر بکەن و راپێچی دادگایان بکەن بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە کەرکوک.

هەر ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵلا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەیوەندی بەو گەنجە کوردەوە کردووە کە لە کەرکووک هێرشی کرایە سەر، دەڵێ:  لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا ئەو گەنجە خۆشەویستە پەیوەندیم کرد بە مەبەستی پرسین لەتەندروستی، پشتگیریی تەواوی خۆمم بۆ دەربری لە کەیسەکەی .

Fly Erbil Advertisment