ئێران هەڕەشەی داخستنی دەریای سوور و گەرووی جەبەل تاریق دەکات

K24 - هەولێر
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی داخستنی دەریای ناوەڕاست و گەرووی جەبەل تاریق دەکات ئەگەر شەڕی غەززە نەوەستێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەشتییەکی بازرگانی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل لە کەناراوەکانی هیندستان کردە ئامانج.
محەممەد رەزا نەقدی رێکخەری گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند: ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەم زووانە دەبێت چاوەڕێی داخستنی دەریای ناوەڕاست و گەرووی جەبەل تاریق بکەن، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە کە چۆن وڵاتەکەی دەریای ناوەڕاست دادەخات.
نەقدی گوتیشی: "دوێنێ کەنداو و گەرووی هورمز بۆیان بووە بە کابوس، ئەمڕۆش لە دەریای سووردا گیریان خواردووە." ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ بەردەوامی تاوانەکان، دەبێ بەم زووانە چاوەڕێی داخستنی دەریای ناوەڕاست و جەبەل تاریق و رێڕەوی ئاوەکان بکەن"، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتەڕوو.
هاوکات کەشتییەکی بازرگانی کە ماددەی کیمیایی هەڵگرتبوو لەکاتی رۆیشتنی بۆ هیندستان پێکرا، ئاژانسی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا "ئامبری" رایگەیاند، ئەو کەشتییەی لێیدراوە ئاڵای لیبریای لەسەر بووە و پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبووە.
"ئامبری" راشیگەیاند، لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی کەشتیەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئاگر لەکەشتییەکە کەوتۆتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لەنێو تیمی کەشتییەکەدا نەکەوتووەتەوە، هەروەها تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام دەستەی پەخشی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ئێرانەوە هەڵدراوە.