سیروان کاکەیی : پێویستە کورد بە یەکگرتوویی گفتوگۆ بکەن و پۆستەکان لە کەرکووک دابەش بکەن
K24 – هەولێر :
ئەندامێکی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: بۆ ئەوەی پاریزگارێک بە هاوبەشی دابنرێت و پۆستەکان بەپێی ژمارەی کورسییە وەدەستهاتووەکان دابەش بکرێت، پێویستە دوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان بە یەکگرتوویی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەست بە گفتوگۆ بکەن .
ئەمڕۆ دوو شەممە ( 25- ی کانوونی یەکەمی 2023)، سیروان کاکەیی ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە باسی رۆژی کوردستان 24، کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات ئاماژەی بەوە کرد، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کورد بەشدارییەکی کارای کرد و سەلماندی شارەکە کوردستانییە، سەرباری ئەوەی شارێکی پێکەوە ژیانە لە نەتەوە و پێکهاتەی جیاواز.
دەشڵێت: هەرچەندە پرۆسەی تەعریبکردنی شار بەردەوامە، بەتایبەتیش لەسەردەمی پارێزگارە سەپێندراوەکە، خەڵکی کەرکووک بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی هەڵبژاردن کرد و سەلماندیان شارەکە کوردیە، چونکە رێژەیەکی بەرزیان تۆمار کرد لە بەشداری ، سەرباری ئەوەی دەنگی ژمارەیەکی زۆریان فەوتا.
لەبارەی ئەگەری پەراوێزخستنی کورد لە شاری کەرکووک دوای هەڵبژاردن، سیروان کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، لایەنەکان ناتوانن بە ئاسانی کورد پەراوێز بخەن، دەشڵێت: ئاساییە دوای هەڵبژاردن لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن هەوڵبدەن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گفتوگۆ بکەن، بۆیە پێویستە کورد نێو ماڵی خۆی رێک بخات، ئەوکاتە دەتوانێ گفتوگۆ بکات، لەبەر ئەوەی بە یەکگرتوویی دەتوانن مافەکانی کورد بپارێزن لەگەڵ پۆستە سەرەکیەکان، پێشی وایە، ئەگەر عەرەب و تورکمانیش یەکبگرن، بۆیان ئاسان نیە کورد پەراوێز بخەن، ئەو لایەنانەشی کە دێنە پێش بۆ گفتوگۆ، پێویستە بەشداریان پێ بکرێت.
لەبارەی پۆستی پارێزگاری نوێش، سیروان کاکەیی گوتی:بەپێی یاسا دوای 15رۆژ کە ئەنجوومەن پێکهاتووە، ئەو پارێزگارەی بە وەکالەت سەپێندراوە، پێویستە ئەنجوومەنەکە بانگی بکات، ئەگەر دوای 15 رۆژەکە بانگهێشت نەکرا، ئەنجوومەنەکە کۆدەبێتەوە، دوای کۆبوونەوەکە پێویستە لەماوەی یەک مانگدا پۆستی پارێزگار یەکلا بکرێتەوە، لە ماوەی ئەو مانگەدا گفتوگۆکان بۆ هاوپەیمانیی دروستکردن و دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکات.
سیروان کاکەیی دەڵێت: کورد زۆرینەیە لە شارەکە، وەکو پێکهاتە دەنگی یەکەمی شارەکەیە و مافی خۆیەتی داوای پۆستی پارێزگار بکات، ئەوانی دیش مافی خۆیانە داوای پۆست بکەن، بەڵام بەپێی دەنگ و کورسیەکانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەی بە هەموو پێوەرەکان کورد لە شاری کەرکووک براوەیە و زۆرینەیە، بەڵام کە پرسەکە دێتە سەر دابەشکردنی پۆست، خاڵبەندیەکان کورسی دەبەن.
لەسەر پرسی بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، سیروان کاکەیی گوتی: راستە لە هەموو دونیا پارتەکان کێبڕکێ دەکەن، بەڵام کە دێنە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکان، هەموو ئاراستەکانیان بەرەو ئامانجی بەرژەوەندییە گشتیەکەیە، پرسی نەتەوە و نیشتیمانیەکان هێڵی سوورە و ئەگەر کورد بە یەک دەنگ نەچێتە پێشەوە، بارودۆخەکە لەدەستدەدات، لەگەڵ ئەوەی هیچ کاتێک کورد دەست لە کەرکووک هەڵناگرێت چونکە شارەکە کوردستانییە، دەشڵێت: تێڕوانینی کورد ئەوە نییە بە تەنها دەسەڵات بگرێتە دەست کە شارێکی پێکەوە ژیانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانە، کورد ئەزموونێکی لەگەڵ پێکەوە ژیان هەیە.
لەبارەی ماددەی 140 یش، دەڵێت، ماددەی 140 وەکو خۆی دەمێنێتەوە و پێویستە کورد بە رژدی کاری لەسەر بکات، چونکە پەیوەندی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە نیە.