گرووپە چەکدارەکانی عێراق شوێنەکانیان دەگۆڕن و مۆبایلیان لێ قەدەغە دەکرێت

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، لەماوەی کاتژمێرەکانی رابردوودا گرووپە چەکدارە عێراقییەکان جموجۆڵی خێرایان ئەنجامداوە، هەروەها پێگەکانیان چۆڵکردووە و گۆڕیووە، هاوکات بڕیاریان داوە ئەو ئۆتۆمبێلانە بگۆڕن کە ساڵانێکە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەکاری دەهێنن.

سەرچاوەکان بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"یان راگەیاند، "چاودێری جموجۆڵەکانی گروپە چەکدارەکان وحەشدی شەعبی دەکرێت"، ئاماژەیان بەوەشکرد، فەرمانەکان گەیشتووەتە فەرماندە مەیدانییەکان سەبارەت بەوەی پێویستە زۆر وریا بن، ئەمەش بەهۆی پیشبینکردنی هێرشێکەوە دێت لەلایەن ئەمەریکاوە لە عێراق.

هاوکات دوێنێ کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی کە ئێران پشتیوانی دەکات رایگەیاند، "هەموو ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەڵدەپەسێرن، ئەم بڕیارەش بەمەبەستی شەرمەزار نەبوونی حکومەتی عێراقە.

ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" دوێنێ سێشەممە لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی رایگەیاندبوو، کە جۆو بایدن فەرمانی بە راوێژکارەکان کردووە، بژاردەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئوردن بخەنە روو، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی.

سەرچاوەیەکی دیکەی عێراقی بە هەمان رۆژنامەی راگەیاند، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان پێگەکانی خۆیان چۆڵکردووە و چوونەتە پێگەی بەدیل، چەکدارەکان بە شێوەیەکی جیاواز بەسەر پێگە نوێیەکانیان دابەشبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە ناو بارەگاکاندا لە چەکدارەکان قەدەغە کراوە، هەروەها چەکدارەکانیان پابەند کردووە بەوەی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ نەکەن، بەڵکو ئۆتۆمبێلی مەدەنی بەکار بهێنن بۆ پاراستنی خۆیان.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەو جموجۆڵانەی چەکدارەکان لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق، مەدەنییەکانیشی گرتووەتەوە ئەوانەی لەگەڵ چەکدارەکان کاردەکەن.

سەرچاوە ئاگادارەکان پیشبینی دەکەن، ئەمەریکا لە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی "حزبوڵڵای عێراقی و بزووتنەوەی نوجەبا و رێکخراوی بەدر و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی بکاتە ئامانج.

سێ سەرچاوە بە رۆژنامەکەیان گوتووە، لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هەوڵی داوە گرووپە چەکدارەکان رازی بکات کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمەریکییەکان کەمتر بکەنەوە.

لای خۆیەوە، محەممەد کەریم بەلداوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی "ئەلسادقون" سەر بە بزووتنەوەی عەسائیب، پشتڕاستی کردەوە کە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان باشترین وەڵامە بۆ ئەوەی روودەدات. جگە لەوەش بڕیاری پەرلەمان کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگیان بە دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان داوە، ئەمەش کاریگەر بەسەر حکومەتی عێراقەوە دەبێت کە پابەند بێت بە دوورخستنەوەی ئەو هێزانە. بەلداوی جەختیشیکردەوە، حکومەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە.

Fly Erbil Advertisment