لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان؛ دوو کەس کوژران و سەرکردەیەکی حەماسیش رزگاری بوو

ناوچەیەکی باشووری لوبنان، وێنە: AFP
ناوچەیەکی باشووری لوبنان، وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی لوبنان کە 40 کیلۆمەتر دوور بوو لە نزیکترین خاڵی سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان، دوو کەس کوژران.

ئەمڕۆ شەممە (10ـی شوباتی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنیی فەڵەستینی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی لوبنان کە 40 کیلۆمەتر دوورە لە نزیکترین خاڵی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل، دوو کەس کوژران و سەرکردەیەکی حەماسیش رزگاری بوو.

ئەمە دووەمینجارە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە هێرشەکانی لە قوڵایی خاکی لوبنان و سنووری باشووری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە، یەکەم هێرشیش کە بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە ئەنجامیدابوو بووە هۆی کوژرانی ساڵح ئەعروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و ژمارەیەک لە هاوکارەکانی.

سەرچاوە ئەمنییە فەڵەستینییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت هەواڵی هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی لە ناوچەی جەدرا لە باشووری لوبنان راگەیاند، هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی فەرمی لوبنان، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (ئیسرائیلی) هێرشی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێک" لەو ناوچەیە.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی سەر بە بزووتنەوەی ئەمەلی هاوپەیمانی حزبووڵڵا، پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل دوو هاووڵاتی مەدەنی کوژران، ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، ئەوانەی کە کوژراون؛  کەسێکیان سەوزەفرۆشێکی لوبنانی بووە، ئەوەی دیکەیان هاووڵاتییەکی سووری بووە و ماتۆڕی لێخوڕیوە.

لەدوای سەرهەڵدانی جەنگ لە کەرتی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، سنووری لوبنان و ئیسرائیل رۆژانە شایەدی ئاڵوگۆڕی بۆردومانەکانی نێوان حزبووڵڵا و ئیسرائیل بووە، ئەمەش ترسی نێودەوڵەتیی لە فراوانبوونی بازنەی پەرەسەندنی بۆردومانەکان دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی رۆژئاوا سەردانی لوبنان بکەن.

ئاژانسی فرانس پرێس ئامارێکی بڵاوکردووەتە کە تێیدا هاتووە، لە دوای سەرهەڵدانی جەنگ لە غەززە و لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تا ئێستا 229 کەس کوژراون، کە 168ـیان چەکداری حزبووڵڵا بوون و 27 کەسیشیان مەدەنین کە لەنێویشیان سێ رۆژنامەنووس هەیە.

Fly Erbil Advertisment