رۆژنامەیەکی فەرەنسی تونێلەکانی حزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر
لە راپۆرتێکی رۆژنامەی "لیبراسیۆن"ـی فەرەنسیدا هاتووە، گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی تۆڕێکی تونێلی نهێنیان هەیە کە زۆر لە تونێلەکانی حەماس پێشکەوتووترە.
میدیا لوبنانییەکان لە رۆژنامە فەرەنسییەکەیان گواستووەتەوە، گرووپی حزبوڵڵا خاوەنی تونێلێکن کە بەسەدان کیلۆمەترە، کە لقەکانی دەگەنە ئیسرائیل، رەنگە بگاتە سووریاش.
رۆژنامەکە لەزاری توێژەران و ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکان گواستوویەتەوە و گوتیانە: ئەو حزبە پلانێکی بەرگری دامەزراندووە لەگەڵ دەیان ناوەندی ئۆپەراسیۆن کە بە تۆڕی ژێرزەمینی ناوخۆیی بەستراوەتەوە کە بەیروت و بەقاع و باشووری لوبنان بەیەکەوە دەبەستنەوە".
هاوکات ترس لە تەلئەڤیڤ بەرزبووەتەوە سەبارەت بە بوونی تونێلەکانی حزبوڵڵا لەسەر سنووری باکوور کە دەگەنە نەخۆشخانەی جەلیل، لە شاری نەهارییە کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باکووری ئیسرائیل .
چەند مانگێک لەمەوبەر، ئیدارەی سەنتەری پزیشکی لە نەهارییە سکاڵایان کرد کە دەنگی کونکردن دێت، لەوبارەوە سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا زنجیرەیەک پشکنینی زەمینی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ترسی بوونی تونێل رەتبکاتەوە کە لە لوبنانەوە بەرەو نەخۆشخانەکە دەچێت.