فەوزی هەریری: هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات

K24 - هەولێر
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر هەموو کارێک بە باشی بەڕێوە بڕوات، سەرۆکی هەرێم هەفتەی داهاتوو رۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی شوباتی 2024، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەبەر دواکەوتنی بڕیاری دادگا فیدڕاڵی عێراق، زۆر ئاستەم دەبێت لەم مانگی 5ـی 2024دا هەڵبژاردن بکرێت، رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە مانگی 6ـی 2024.
بەگوتەی فەوزی هەریری: "بۆ هەفتەی ئایندە، ئەگەر هەموو کارێک بە باشی بەڕێوە بڕوات، رەنگە سەرۆکی هەرێم بڕیار بدات رۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات".
رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر بەهۆی تۆمارکردنی دوو سکاڵا لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.
بەگوێرەی بەرپرسەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژادنەکان، بەهۆی ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق زیاتر لە حەوت جار بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایانە دواخستووە؛ نەیانتوانیوە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوبکەن، بۆیە داوایان کردووە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دەستنیشان بکرێت.