پارتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

پارتی بە شێوەیەکی فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-03-2024، عەبدولخالق غەریب، رێگەپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی خۆی لە کۆمیسیۆنی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

پێشتریش جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە (1ـی کانوونی دووەم تاوەکو 6ـی ئاداری 2024)، 10 هەزار و 810 کارتی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان دابەش کراوە. بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا، 109 هەزار و 18 کەس خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە، کە لە هەولێر 54 هەزار و 199 کەس خۆیان تۆمارکردووە، هەروەها لە دهۆک 24 هەزار و 347 کەس و لە سلێمانیش 30 هەزار و 472 کەس خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە، کە بەگشتی ئەو دەنگدەرانەی خۆیان تۆمارکردووە ژمارەیان گەیشتووەتە 109 هەزار و 18 دەنگدەر.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێندراوە و، دادوەر عامر مووسا حوسەینی نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆنی عێراق لە لیژنەکەدا دەکات.

وەکو ئەوەی غەلای باسی کرد، لیژنە ئەمنییەکە چەند بەرپرسیارێتییەکی دەبێت:

- پاراستنی ئاسایش و سەربەخۆیی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

- پاراستنی دەنگدەر و بنکەکانی دەنگدان تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنەکە تەواو دەبێت.

- کارئاسانی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەکات.

- پاراستنی کۆگا، کەرستە و کەلوپەلەکانی تایبەت بە پڕۆسەی دەنگدان.

- پاراستنی پڕۆسەی گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان بۆ ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگاکان.

Fly Erbil Advertisment