کاندیدای ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ: ئەمڕۆ ئاییندەی ئیستانبوڵ و منداڵەکانمان دیاری دەکەین

موراد کوروم، کاندیدی ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ
موراد کوروم، کاندیدی ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ

K24 - هەولێر

کاندیدای ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئاییندەی ئیستانبوڵ و منداڵەکانیان دیاری دەکەن. سەرۆکی جەهەپەش دەڵێت، گومانیان لەوەدا نییە کە لە ئەنقەرە سەردەکەون و ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن. 

موراد کوروم، کاندیدای ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ لە بنکەیەکی دەنگدانی شارەکە دەنگی دا و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بۆ ماوەی سێ مانگ، پڕۆژەکانمان، خەونەکانمان لەگەڵ ئیستانبوڵییەکان هاوبەش کرد. ئێمە لە شەقام و گەڕەکەکانی ئیستانبوڵ میوانی ئەوان بووین. هیوادارم ئاهەنگێکی گەورەی دیموکراسی بەڕێوەببەین."

موراد کوروم ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ بڕیارێکی گرنگ بۆ ئاییندەی ئیستانبوڵ دەدەین، ئایندەی منداڵەکانمان. داوا لە هاووڵاتییان دەکەم دەنگ بدەن و ئاگاداری دەنگەکانیان بن. سێ مانگە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە دەکەین. هیوادارم ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان بهێنێت."

لەلایەکی دیکەوە مەنسور یاڤاش، کاندیدای جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "گومانم لەوەدا نییە سەردەکەوین و کاتژمێر 09:00ـی ئێوارە لە ئەنقەرە ئاهەنگ دەگێڕین و یەکدی دەبینینەوە."

هاوکات ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە لە لێدوانێکی دیکەی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کار بۆ ئەم خۆشییەی دیموکراسی دەکەن. مشتومڕ و گفتوفۆ هەبوو و گەیشتینە ئەم ڕۆژە. داوا لە هەموو خەڵک و لایەنەکان دەکەم ئارام بن."

سەرۆکی جەهەپە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ئاهەنگی سەرکەوتنی حزبەکە لە بەکارهێنانی چەک دوور بکەونەوە، بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوزراو ڕوونەدات. گوتیشی، "پێویستە ڕێز لە بڕیاری میللەت بگرین. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە حزبەکەمەوە دەستم کەوتووە، نوێنەرمان  لەسەرجەم بنکەکانی دەنگدان هەیە."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێکرد. لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەندامانی 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان و 50 هەزار و 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن.

61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێن و 49.41٪یشیان نێر. 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەسیش یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان، ساڵی 2019 ئەنجام درا. ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانی بەدەست هێنا.

Fly Erbil Advertisment