لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا كۆده‌بنه‌وه‌؛ "پێویستیمان بە هاوپەیمانان نییە"

کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

هەفتەی داهاتوو خولی چوارەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت. جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش دەڵێت، "پێویستیمان بە هێزی نێودەوڵەتیی نەماوە و داواکارین کۆتایی بە ئەرکی ئەو هێزانە بهێنرێت."

 وێڕای دژبەریی لێدوانەکانی عێراق و ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی ‌هێزەکانی هاوپەیمانی و داهاتووی هێزە بیانییەکان، حکوومەتی عێراق جەخت لە هەڵوێستی خۆی بۆ چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستییان بە هێزی نێودەوڵەتیی نییە.

قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت: کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەردوامن. جەختی لەوەش کردووتەوە، "عێراق پێویستی بە هێزی نێودەوڵەتی نەماوە."

جێگری فەرماندەی ‌ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان باسی لەوەش کردووە، "سێ لیژنە هەڵسەنگاندن بۆ جموجووڵەکانی داعش دەکەن، هێڵی بەرەنگاریی  لە بیابانەکان دانراوە و سنووری عێراق و سووریا لە یەکدی جیاکراوەتەوە."

محەممەداوی ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەت سوورە لەسەر پێداچوونەوە بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانمان لە عێراق، هەرچەندە هەندێک دیدگای پێچەوانە هەیە و داوای مانەوەی ئەو هێزانە دەکات، بەڵام پێشنیازیی ئێمە ئەوەیە حکوومەت کۆتایی بە ئەرکی ئەو هێزانە بهێنێت."

بە گوتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، "پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکێکی نیشتمانیی و ئەخلاقییە و وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ ئەو مەبەستە لە هەماهەنگیی بەردەوامدان."

هاوکات باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، "عێراق لە گفتوگۆکردن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوامە، "دەمانەوێت پەیوەندی هەمەلایەنە و گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنیاد بنێین".

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕوونیشی کردەوە، "هەفتە داهاتوو، خولی چوارەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت".

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە 15ی نیسان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆک ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکان گفتوگۆ لە بارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بێت.

Fly Erbil Advertisment