دەمیرتاش بۆ ئەردۆغان: کاتی ئاشتییە نەک ململانێ

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان

K24 - هەولێر

سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامێک ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەکات و دەڵێ: کاتی ململانێ نییە، بەڵکو کاتی بنیاتنانی ئاشتییە و پێویستە گوێ لە دەنگی گەلی کورد بگرن.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندانی ئەدیرنەوە پەیامێکی سەبارەت بە بێبەشکردنی کاندیدای سەرکەوتووی دەم پارتی، عەبدوڵڵا زەیدان لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی پارێزگای وان بڵاوکردەوە و داوا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەکات، هەرچی زووە پێش لەو هەوڵە بگرێ کە لە ئارادایە.

دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: لە شەوی هەڵبژاردندا ڕاتانگەیاند کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک دەگرن، بەداخەوە ئەوەی لە وان ڕوویدا لەگەڵ ئەو پەیامەی داوتە ناگونجێت، ئەوەی دەکرێت دوورە لە ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک، نە گەل و نە خوا قەبووڵی ناکەن.

دەشڵیت: چاوەڕوانین وەک سەرۆک کۆمار ئەم هەوڵە نایاساییە ڕابگرن کە ئیرادەی چارەکردنی هەموو کێشەکان لە چوارچێوەی گفتوگۆ و متمانەکردن بەیەکتر لەبار دەبات.

دەمیرتاش دەڵێ: پێویستە سیاسییەکان و بەرپرسان دەنگی گەلی کورد ببیستین و بەتایبەت داوا لە خەڵکی وان و هەموو هێز و لایەنانە دیموکراسیخوازەکان دەکەین دژی ئەو هەوڵە نایاساییە بوەستنەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامەکەیدا پیرۆزبایی سەرکەوتن لە عەبدوڵڵا زێدان و نەسلیهان شەدال دەکات و دەڵێ: گەلەکەمان بەم هەڵوێستە چاوی ئێمەی ڕۆشەن کردەوە و نەخشەڕێگای سیاسیی داهاتوومان کێشا، بەڵام ئاشکرایە  ئێستاش کەسانێک هەن ڕێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرن و پەندیان لە 10 ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە. لەکاتێکدا سەرەڕای ئەو هەموو ناحەقییە هەوڵدەدەین ڕێگەی بۆ گفتوگۆ و ئاشتی خۆش بکەین، هەندێک لایەن هەن بە بەردەوامی بە دوای ئیستفزازیدا دەگەڕێن.

هەروەها رایگەیاندووە، ئێستا کاتی پشێوی و ململانێ نییە، بەڵکو کاتی بنیاتنانی ئاشتییە و پێویستە گشت سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی وڵات، گوێ لە دەنگی گەلی کورد بگرن. گەلەکەمان تا کۆتایی دژ بە ستەمکاری بەرگری لە ئیرادەی خۆی دەکات.

پەیامەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش دوای ڕەتکردنەوەی سەرکەوتنی عەبدوڵڵا زەیدان، کاندیدای دەم پارتی لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی وان و دانانی عەبدولحەت ئارڤاس کاندیدای پاکپارتی لە شوێنەکەی بوو، بەمەش لە وان و بەدلیس و پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دەستی پێکرد.

هەروەها هەر دوو پارێزگاری وان و بەدلیس بڕیاریاندا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تا وەکوو 15 ڕۆژ هەموو خۆپیشاندان و گردبوونەوە و چالاکییەک لە سنووری پارێزگاکانیان قەدەغەیە. 

Fly Erbil Advertisment