بەرەڤان حەمدی: لە عێراقی نوێ بە یەک چاو سەیری قوربانییانی دەستی رژێمی بەعس ناکرێت

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رایدەگەیەنێت: عێراق بڕیاری دادگای بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ نەکردووە و هێشتا عەقڵییەتی پێشوو بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، عێراقی نوێ پاش ساڵی 2003 لەسەر حیسابی خوێنی قوربانییانی هەرێمی کوردستان دامەزرا، بەڵام بە یەک چاو سەیری هەموو قوربانییەکان نەکرا.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، راشیگەیاند، کەسوکاری قوربانییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق قەرەبوو کرانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەسوکاری قوربانییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە.

بەرەڤان حەمدی، ئاماژەی بەوەدا، لە دەستووری عێراق لە ماددەی 132 هاتووە، پێویستە دەوڵەتی عێراق ئەو ناوچانەی کە ئەنفالی تێدا ئەنجامدراوە ئاوەدانی بکاتەوە و قەرەبوو کەسوکاری قوربانییانیش بکاتەوە، بەڵام بە داخەوە ئەو ماددە دەستوورییەش پێشێل کراوە.

ناوبراو دەڵێت: عێراق بڕیاری دادگای بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ نەکردووە، هەروەها هێشتا عەقڵییەتی پێشوو بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گوتیشی: حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەش ئامادە نەبوو پارە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.

ئەنفال، کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200 هەزار چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182 هەزار هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە چوار هەزار و 500 گوندیش وێران کران.

Fly Erbil Advertisment