ئایدن مەعرووف: هەوڵ هەیە بۆ گێڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان

K24 – هەولێر:

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان ڕایگەیاند: سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان به‌ یاسا ڕێكخراوه‌، هه‌وڵ هه‌یه‌ دووباره‌ کورسی كۆتا بۆ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) ئایدن مه‌عرووف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان به‌ یاسا ڕێكخراوه‌، بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، پێش هه‌موو شتێك دژی ده‌ستووری عێراق و نه‌ته‌وه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان بوو، بۆیه‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ دووباره‌ کورسی كۆتا بۆ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بگه‌رێنرێته‌وه‌.

ئایدن مەعرووف ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سه‌رۆك بارزانی رۆڵ و پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ی ماف و داواكارییه‌كانی پێكهاته‌كان بووه له‌ هه‌رێمی كوردستان‌.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

Fly Erbil Advertisment