مونا قەهوەچی: پێداگری دەکەین لەسەر گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان

K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان جەخت لەسەر پێداگری کردن لەسەر هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە و ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بە بێ بەشداری پێکهاتەکان بەڕێوەناچێت.
ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) مونا قەهوهچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناکرێت هەڵبژاردن بەبێ بەشداری پێکهاتەکان بکرێت.
قەهوەچی ئاماژەی بەوەشکرد، گێڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان، مافێکی ڕەوای پێکهاتەکانە، هیواشی خواست هەموو لایەنەکان هاوکاری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن لە هەوڵەکانیان بۆ پێداگیری لە گێڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) جومانه غهلای ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ نووسراوێكی فهرمییان بۆ دواخستنی پرۆسهی ههڵبژاردن بهدهست نهگهیشتووه و لە کارکردن بەردەوامن لەسەر دوا مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە. جهختیشی كردهوه، له ئهگهری دواخستنی پرۆسهی ههڵبژاردن، ئهوا ئهنجوومهنی كۆمیسیاران بڕیار دهدات، ئاخۆ ئامادهكارییهكانی ئێستا بهردهوام دهبن، یاخود دهست به ئامادهكاری نوێ دهكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەند پێشنیازێک خراونەتە ڕوو، بۆ ئەو تێبینیانەی پارتی و پێکهاتەکان لەسەر هەڵبژاردن هەیانە لەبەرچاو بگیرێن و وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
سەرەتای هەفتەی ڕابردووش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەدا بوو، کە پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.