سعود مستۆ: حکوومەتی فیدراڵ بەچاوی هاووڵاتی عێراقی سەیری ئێزیدییەکان ناکات

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدیان لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، نزیکەی شەش ساڵە شنگال ئازادبووە، تاکو ئێستە دۆسییەی ئێزدییەکان، نەبووەتە ئەولەویەتێکی گرنگی حکوومەتی فیدراڵی، حکوومەتی عێراق بە چاوی هاووڵاتیی بوون سەیری ئێزدییەکان ناکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی ئایاری 2024، سعود مستۆ، یاساناس و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدیان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەبارەت بە داخستنی کەمپی ئاوارەکانی شەنگال، دوێنێ ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بەیاننامەیەکیان ڕاگەیاند، کە لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە بەربەستی سەرەکی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال، خەمساردی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە بە پێدانی قەرەبوو کردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ئاوارانەی شنگال.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "بارودۆخی ئەمنی شنگال زۆر خراپە لەگەڵ جێبەجێ نەکردنی دادپەروەری بەرامبەر ئەو کەسانەی کە دەستییان لە تاوانی داعشدا هەیە و بە هەڕەشە و زۆرە ملێ دەیانەوێت ئاوارەکان بەزۆر بگەڕێننەوە، ئەوانە هەمووی بەربەستی سەرەکین".
ئەو دەشڵێت: "تاکە چارەسەریش بۆ ئەو بابەت تەنیا لەدەستی حکوومەتی بەغدایە، چونکە بۆ ئەو بڕیارە ئێمە وا هەست دەکەین کە بڕیاری سیاسیین لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەردەکرێن، چونکە هیچ بنەمایەکی سەلامەتی و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی تێیدا نییە".
سعود مستۆ ڕاشیگەیاند، "چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی خێرخوازی کۆمەڵگای ئێزیدی هاوکارن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ هاوکار نییە، هەموو بڕیارەکانی بڕیاری سیاسییە و بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بڕیارانە بکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو، "نزیکەی هەشت ساڵە شنگال ئازادبووە، تاکو ئێستە دۆسییەی ئێزدییەکان نەبووەتە ئەولەویەتێکی گرنگی حکوومەتی فیدراڵی کە لە 2014وە کە هێرش کرایە سەر شنگال، تاکو ئێستە حکوومەتی عێراق بە چاوی هاووڵاتیی بوون سەیری ئێزیدییەکان ناکات."