79 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەڵدراونەتەوە

ئەمڕۆ لە عێراق بە رۆژی گۆڕی بە كۆمەڵ ناسراوە. یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ لەو وڵاتە رۆژی 16ی ئایاری ساڵی 2003 دۆزرایەوە.
لە عێراق ڕۆژی 16ی ئایاری هەموو ساڵێک بە رۆژی گۆڕی بە کۆمەڵ ناسراوە. یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ لە 16ی ئایاری 2003 دۆزرایەوە، بۆیە ئەم رۆژەی پێ ناونراوە.
لە سەردەمی رژێمی بەعس بە هەزاران كەس زیندە بەچاڵ کراون؛ لەوانە 182 ھەزار كورد، هەر بۆیە عێراق بە وڵاتی گۆرە بە کۆمەڵەکان دەناسرێت.
گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە عێراق بۆ سەردەمی رژێمی بەعس واتە پێش ساڵی 2003 و دوای ئەویش ھاتنی داعش بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە.
ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی تایبەتن بە تاوانەكانی سەردەمی رژێمی بەعس، بەپێی داتا و زانیارییەكانی حكوومەتی عێراق، تاوەكو ئێستا 95 شوێن دەستنیشان كراون كە گۆڕی بەكۆمەڵیان تێدایە، لەو ژمارەیە 79 شوێن ھەڵدراونەتەوە و 16 شوێن ماون. لەنێو ئەو 79 شوێنەی ھەڵدراونەتەوە 158 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە 4 ھەزار و 291 رروفات لە خۆدەگرن.
ھەرچی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەردەمی داعشە، تاوەكو ئێستا 121 شوێن دەستنیشان كراون، لەو ژمارەیەش 51 شوێن ھەڵدراونەتەوە و 70 شوێنیش ماون. لەنێو ئەو 51 شوێنە 130 گۆڕی بە كۆمەڵ ھەڵدراونەتەوە كە 3 ھەزار و 79 روفات لەخۆدەگرن.
بە گشتی پێش و دوای ساڵی 2003 كۆی گشتی ئەو شوێنانەی دەستنیشان كراون كە گۆڕی بە كۆمەڵی تێدابێت لە عێراق 216 شوێنە، كە 130 شوێن ھەڵدراونەتەوە و 86 شوێنیش ماون. لەو 130 شوێنەدا 288 گۆڕێ بە كۆمەڵ ھەڵدراونەتەوە، كە 7 ھەزار و 370 روفات لەخۆ دەگرن.