عەلی خامنەیی نوێژی مردووی لەسەر تەرمی ڕەئیسی و هاوەڵەکانی کرد

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی، لە "زانکۆی تاران و گۆڕەپانی شۆڕش" نوێژی مردووی لەسەر تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵەکانی کرد.

بەیانی ئەمڕۆ، ڕێوڕەسمی پرسەکە دەستی پێ کرد و کاتژمێر 9 عەلی خامنەیی نوێژی مردووی لەسەر مردووان کرد، دوای ئەوە تەرمەکان لە زانکۆی تارانەوە بۆ گۆڕەپانی ئازادی دەگوازرێنەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 23-5-2024، ڕێوڕەسمی پرسەکە لە خوراسانی باشوور بەڕێوە دەچێت و ئێوارەی پێنجشەممە تەرمی ئایەتوڵڵا ئیبراهیم ڕەئیسی لە مەزاری ئیمام ڕەزا بەخاک دەسپێردرێت.

ڕەنگە زیاتر لە 40 شاندی باڵای بیانی بەشداری لە پرسەی ڕەئیسی بکەن، کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تاران بەڕێوە دەچێت، لە پرسەکە محەمەد موخبیر، سەرۆککۆماری ئێران بە وەکالەت و عەلی باقری کەنی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت ئامادەی پرسەکە دەبن.

 لەنێو بەشداربوواندا نزیکەی 10 شاندی بیانی لەسەر ئاستی سەرکردەکان و 20 شاندی دیکە لەسەر ئاستی وەزیرەکان، هەروەها شاندی دیکەی جیاواز وەک سەرۆکی پەرلەمان و نێردەی تایبەت بەشداری لە پرسەکە دەکەن.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
 

Fly Erbil Advertisment