د. عەلی تەتەر: دهۆک یەکێکە لە پاکترین و سەقامگیرترین پارێزگاکانی جیهان

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

لە 55ـەمین ساڵیادی بە پارێزگابوونی دهۆک، د. عەلی تەتەر دەڵێت، پارێزگاکە یەکێکە لە پاکترین و سەقامگیرترین پارێزگاکانی جیهان. ئاماژە بەوەش دەدات، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 959 پڕۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری پارێزگای دهۆک جێبەجێ کراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27-05-2024، لە 55ـەمین ساڵیادی بە پارێزگبوونی دهۆک؛ پارێزگار، د. عەلی تەتەر، لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ کوردستان24، باسی لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، کاریگەریی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو و ئاگرەکەی دهۆک و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.

جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگاری دهۆک

بە گوتەی د. عەلی تەتەر، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 959 پڕۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گوژمەی پتر لە یەک ترلیۆن و 81 ملیار دینار جێبەجێ کراون و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون.

لەو 959 پرۆژەیە، وەکو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، 485 پرۆژە خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییان و کارکردن لە 423 پرۆژەی دیکەش بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕەزامەندیی بۆ جێبەجێ کردنی 51 پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاری دهۆک دەرچووە و ئێستا مامەڵەی تەندەرینگ "موناقەسە"ـیان بۆ دەکرێت.

پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، "لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین پرۆژەکانمان لە سنووری گوند و لادێکان جێبەجێ کردوون و ویستوومانە بایەخی زیاتریان پێ بدەین. ئەو پرۆژانەی جێبەجێ کراون لە بوارەکانی ڕێگاوبان، ئاوەڕۆ، کارەبا و چەندین بواری دیکدا بوونە".

کاریگەریی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی 2023، 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە چۆڵكراون كە 250 گوندیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی بۆمبارانەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵكراون.

د. عەلی تەتەر گوتی، "سەرەڕای ئەو شەڕەی (شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا) لە ناوچەکە هەیە، دهۆک یەکێکە لە پاکترین و سەقامگیرترین پارێزگاکانی ناوچەکە و جیهان. شەڕەکە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی نەتوانین وەکو پێویست دەستی ئاوەدانی بگەیەنینە بەشێکی گوندەکانی سنووری پارێزگاکە، بە تایبەت گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی".

 پارێزگاری دهۆک  لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "گەشبینم ئەو دۆخە ناهەموارەی لە سنووری قەزای ئامێدی (بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا) هاتووەتە پێشەوە کۆتایی دێت و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەگەڕێننەوە سەر گوندەکانیان".

قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو و ئاگرەکەی دهۆک

ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو سێ هاووڵاتی لەگەڵ خۆی (دوو لە سەنتەری شار و یەکێکیان لە دەوروبەر) برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێ گەیشت.

وەکو ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، "لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهان نەبووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا قەرەبووی تەواوی زیانلێکەوتووانی کارەساتێکی سرووشتی بکرێتەوە، بەڵام ئێمە بە هەوڵەکانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاریی هاووڵاتییان، توانیمان لە ماوەی 48 کاتژمێردا قەرەبووی تەواوی زیانلێکەتووانی لافاوەکەی ئاداری ڕابردوو بکەینەوە".

نزیکەی کاتژمێر 03:15ـی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 01-04-2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی "چەلێ" لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتەوە. دوای چوار کاتژمێر و بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دهۆک؛ توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. بەهۆی ئاگرەکەوە دەیان دووکان و کۆگا سووتان.

پارێزگاری دهۆک  ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووش، 29-05-2024، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبووی خاوەن دووکانە سووتاوەکانی بازاڕی "چەلێ"ـی دهۆک دەکرێتەوە و هاوکاریی پێویستیان پێشکەش دەکرێت.

 

Fly Erbil Advertisment