نەهرۆ ڕواندزی: چەند وڵاتێک نایانەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە

نەهرۆ ڕواندزی
نەهرۆ ڕواندزی

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "وەکو حکوومەتی هەرێم هەموو ئامادە باشیەکمان دەربڕیووە بۆ حکوومەتی ناوەند، کە ئێمە ئامادەی ڕێککەوتنین، بەڵام بەمەرجێک مافی کۆمپانیاکان دابین بکرێت".

نەهرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "چەندین لیژنە لە 25-3-2023ەوە تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە دەکەن لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا."

گوتیشی: "وەکو حکوومەتی هەرێم هەموو ئامادە باشیەکمان دەربڕیووە بۆ حکوومەتی ناوەند، کە ئێمە ئامادەی ڕێککەوتنین بەڵام بەمەرجێک مافی کۆمپانیاکان دابین بکرێت، هەروەها پێمانگوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان دابینیشن و ڕێککەون لەگەڵیان بەڵام ئەوان نەهاتن."

نەهرۆ ڕواندزی ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوو هۆی هەیە یەکێکیان ئابوورییە کە ئەگەر هەناردەکردن دەست پێبکاتەوە زیان بە عێراق دەگەیەنێت، چونکە عێراق ڕۆژانە دەبێت سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکات بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپیک، کە ئەگەر نەوتی هەرێم هەناردە بکات دەبێت هەناردەی نەوتی بەسڕا کەم بکاتەوە.

دەشڵێت: ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات، دەبێت پارەکەی بێتەوە ناو هەژمارێکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، پاشان لەگەڵ شایستەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

نەهرۆ ڕواندزی ڕاشیگەیاند، بەخوێندنەوەی من وڵاتانی دراوسێ نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەرەوە چەسپاندنی زیاتر بڕوات، لەبەر ئەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەو بابەتە پەک بخرێت و بەهیچ شێوەیەک هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێنەکرێتەوە.

سەبارەت بەیاسای نەوت و گاز ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، "ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆمان بەفەرمی ئاڕاستەی حکوومەتی ناوەند کرد، هەروەها محەممەد شیاع سووودانی لیژنەیەکی لە سێ وەزیری "کورد و سوننە و شیعە" پێکهێنا، تاوەکو بۆچوونیان لەسەر ئەو یاسایە وەربگرێت.

ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024) وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا کاراکان لە هەرێم دەکات، بەپەلە لە بەغدا لەگەڵیاندا کۆببنەوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردنە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەپێی ڕێککەوتن و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بە بڕی چەسپێندراو بە یاسای بودجە دەبێت.

Fly Erbil Advertisment