سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەردانی دەمیرتاش دەکات

سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان و ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە
سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان و ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەکات.

ماڵپەڕی مێدیاسکۆپی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆزگور ئۆزەل سەردانی دەمیرتاش دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشووی جەهەپە، سەردانی دەمیرتاش و عەدنان سەلچووک مزراکڵی سەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی دیاربەکری کردبوو.

دەمیرتاش لەسەر کەیسی خۆپیشاندانەکانی کۆبانێ کە نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر لە دژی گەمارۆدانی شاری کۆبانێی لەلایەن داعش، دادگایی کراو لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدرنە زیندانی کراوە، هەر لە سەر ئەو کەیسە 7ی ئایاری ڕابردوو لە دادگای تاوانەکانی ئەنقەرا سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، هەر لەم دۆسیەیە سزای 30 ساڵ زیندانی بۆ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە و سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانی مێردین دەرکرا.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) بڕیارەکانی دادگای ئەنقەرەی لە بارەی دۆسیەی کۆبانێی و سزادانی دەمیرتاش بە سیاسی ناوبردووە.

Fly Erbil Advertisment