بایدن هێرش دەکاتە سەر ترامپ: یەکەم جارە کەسێکی تاوانبار داوای پۆستی سەرۆکایەتی بکات

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترامپ و گوتی: یەکەم جارە لە مێژوویی ئەمەریکادا تاوانبارێکی سزادراو داوای پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات.

جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار ئەم ناونیشانەی بەرامبەر دۆنال ترامپ بەکارهێنا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی سوێند خۆرانی نیویۆرک ترامپیان بە تاوانبار زانی، کە پارەی بە نهێنی داوەتە ئەستێرەیەکی پۆرن.

جۆو بایدن لە کاتی چالاکیی کۆکردنەوەی پارەی هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتی کنێتیکەت گوتی: "هەڵمەتەکە چووەتە ناو خاکێکی نەخشەکێشراوەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەمەریکادا سەرۆکێکی پێشوو کە تاوانبارێکی سزادراوە، ئێستا بەدوای پۆستی سەرۆکایەتیدایە".

بایدن هێرشی ترامپ بۆ سەر سیستەمی دادوەری وڵاتەکەی بە مەترسیدار زانی، چونکە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەبێ بەڵگە تۆمەتەکانی لەسەر هەڵبەستنی دۆسیەکە خستووەتەڕوو.

سەرۆکی دیموکراتەکان پێی وابوو کە ترامپ کە لە هەڵبژاردنەکانی 2020دا دۆڕا، ئەگەر بۆ خولی دووەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، مەترسییەکی گەورەتری لێدەکەوێتەوە، ڕاشیگەیاند، "بەڕاستی لە دوای ساڵی 2020ەوە شتێک بەر ئەم کابرایە کەوتووە".

سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لەبەردەم لایەنگرانیدا گوتی: "ئەگەر دۆڕا، خوێنڕشتن لە ئەمەریکا ڕوودەدات؟".

هەندێک لە شرۆڤەکاران داوایان لە بایدن کردووە لە بەکارهێنانی ئەو قسانەی دژی ترامپ وهێرشکردنە سەری دوور بکەوێتەوە، لەبری ئەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی لەسەر سیاسەتەکان چڕتر بکاتەوە.

بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، کە کێبڕکێی توند لە نێوان دۆناڵد ترامپ و جۆو بایدن هەیە.

Fly Erbil Advertisment