زیا پترۆس: ناساندنی کورسیی کۆتا لەسەر بنەمای ئایینی پێشێلکردنی مافی نەتەوەییمانە

زیا پترۆس، کەسایەتی سیاسیی کریستیان
زیا پترۆس، کەسایەتی سیاسیی کریستیان

K24 – هەولێر:

کەسایەتییەکی سیاسیی کریستیان، ڕەخنە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەگرێت کە کورسیی کۆتای نەتەوەی (کلد و ئاشوور و سریان)ـەکانی لە پەرلەمانی کوردستان وەک پێکهاتەی ئایینی ناساندووە نەک پێکهاتەی نەتەوەیی.

ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) زیا پترۆس، کەسایەتی سیاسی و سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ گۆڕینی کۆتای نەتەوەیی بۆ ئایینی، پێشێلکردنی مافەکانمانە.

زیا پترۆس ئاماژەی بەوە کردووە: لە بڕیاری ژمارە (2)ـی کۆنووسی ژمارە (32)ـی (3ـی حوزەیرانی 2024) کە تایبەتە بە دابەشکردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کەوتۆتە هەڵەوە بە ناساندنی کورسیی کۆتای نەتەوەی (کلد و ئاشوور و سریان) بە دەستەواژەی ئایینی (کریستیانەکان).

ئەو کەسایەتییە سیاسییە کریستیانە ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەو بڕیارە، پێچەوانەی یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 1991ـە کە پێکهاتەی (کلد و ئاشوور و سریان)ـی هاوشێوەی پێکهاتەی تورکمان، وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی ناساندووە.

هەروەها زیا پترۆس جەختی کردووەتەوە، دەبوایە هەموو هەرێمی کوردستان بۆ کورسیی کۆتای پێکهاتەکان یەک بازنەیی هەڵبژاردن بووایە، لە کاتێکدا لە پارێزگای دهۆک کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی ئەرمەن تەرخان کراوە، ئەمەش واتەی ئەوەیە تەنیا دوو کورسیی کۆتا بۆ "کریستیانەکان" تەرخان کراوە.

زیا پترۆس ڕایگەیاندووە: "ئێمە شانازیی بە کریستیانی خۆمانەوە دەکەین" بەڵام نابێت لەسەر بنەمای ئایینی مامەڵەکە لەگەڵ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا، بە هەموو شێوەیەک ئەوە ڕەت دەکەینەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەی نەتەوەیی (کلد و ئاشوور و سریان) لەسەر بنەمای ئایینی بکرێت و ئەو پێکهاتەیە، مافی نەتەوەیی هەیە، هاوشێوەی نەتەوەکانی کورد، تورکمان و ئەرمەن، بەوشێوەیەی لە یاساکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

هاوکات زیا پترۆس داواشی لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان کردووە، بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە و کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی بناسێنن و هەموو هەرێمی کوردستانیش بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ کورسیی کۆتای پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندیی لەسەر بڕیاری گەڕانەوەی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نیشان داوە، کورسیی پێکهاتەکانیش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن: هەولێر 34 کورسی؛ دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کریستیان. سلێمانی 38 کورسی؛ دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کریستیان. لە پارێزگای دهۆک 25 کورسی؛ یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن. هەڵەبجە سێ کورسی و هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەش کراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسیی بۆ ئەرمەنەکان).

Fly Erbil Advertisment