پاش سەردانی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە دەرگای دامەزراندن کرایەوە

دامەزراندن
دامەزراندن

پاش سەردانی سەرۆکوزەیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە، دەرگای دامەزراندنی بە گرێبەست بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی میلاکی پسپۆریی لەو پارێزگایە کرایەوە.

رۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024)، فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دواى سەردانی سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، بە مەبەستى پڕکردنەوەى ژمارەیەک بۆشایى میلاکى پسپۆریى و پاڵپشتیی پێکهاتە کارگێرییەکانى سەر بە وەزارەت و لایەنى نەبەستراو بە وەزارەت لە سنوورى پارێزگاى ناوبراو، ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتىی فۆرمى داواکاریی دامەزراندن بە شێوەى گرێبەست، بۆ پارێزگای ناوبراو وەردەگرێت؛ بە ڕەچاوکردنى ئەو ڕێنماییانەی کە ئاماژەیان پێ کراوە وەک، پێویستە پێشکەشکار ئیمەیلی تایبەت بە خۆی لە هەژماری (Gmail) هەبێت و (Sign-in) کرا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت فۆرمی داواکاریی دامەزراندن پڕبکاتەوە.

هەروەها ئاشکرای کردووە کە تەنها دانیشتووانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دەتوانن فۆرمى داواکاریى دامەزراندن پێشکەش بکەن. پێشکەشکار بۆی هەیە تەنیا یەک پسپۆڕى لە فۆرمى داواکاریى دامەزراندن هەڵبژێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشکەشکار دەتوانێت تا سێ وەزارەت و لایەنى نەبەستراو بە وەزارەت بۆ کارکردن لە بواری پسپۆڕییەکەی هەڵبژێرێت، بە مەرجێک پسپۆڕییەکەی لە لایەن وەزارەتەکە داوا کرابێت، هەروەها ناردنی زیاتر لە یەک فۆرمی داواکاریی لە لایەن پێشکەشکار ڕێگەپێدراو نییە و دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی.

بۆ کردنەوەی لینکی فۆرمی پێشکەشکردن ئێرە کلیک بکە

رۆژی (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە رێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناغەی رێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوتی دانا و دواتریش چەندین دیداری لەو شارە ئەنجامدا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین".

Fly Erbil Advertisment