کاڤین شێخ سەعید: هەندێک وەزارەت لە عێراق هەیە نایانەوێت دۆسییەی نەوت چارە بکرێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێشتر ئەمەریکا داوای چارەکردنی کێشەی دۆسیەی نەوتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە سوودانی کردبوو.

کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتێک سوودانی سەردانی واشنتۆنی کرد، ئەمەریکا داوای چارەکردنی کێشەی دۆسیەی نەوتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کردبوو.

کاڤین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەمو لایەنەکان کۆبووەوە، کە سەردانەکەی ئەرێنی و باش بوو، ڕێککەوتن لەسەر هەمو دۆسییەکان کراوە، بەڵام دیارە کە دۆسییەی نەوت دۆسیەیەکی سیاسییە، لەبەر ئەوە سوودانی داوای کردووە ئەو دۆسییەی چارەر بکرێت.

ڕاشیگەیاند، هەندێک وەزارەت لە عێراق هەیە نایانەوێت دۆسییەی نەوت چارەر بکرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێ بەجێ کردووە، بڕیاریش بوو ئەوهەفتەیە کۆبوونەوەی وەزارەتی سامان سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت بەڵام داوایان کرد دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو، بەڵام پێم وانییە هەفتەی داهاتووش بکرێت، چونکە زۆرینەیان دەچنە سعوودیە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024) وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا کاراکان لە هەرێم دەکات، بەپەلە لە بەغدا لەگەڵیاندا کۆببنەوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردنە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەپێی ڕێککەوتن و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت.

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ڕاگیراوە، به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.

Fly Erbil Advertisment