گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کوردستان24: ئەمساڵیش دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک نادرێتەوە بە پۆلیس

K24 – کەرکووک:
لەبارەی ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک لە سوپای عێراقەوە بۆ پۆلیسی خۆجێی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمساڵیش دۆسیەی ئەمنی نادرێتەوە بە پۆلیس و بابەتی ئاڵۆگۆڕی دۆسیەی ئەمنی ئەو پارێزگایە دواخراوە بۆ ساڵی 2025.
بەپێی کارنامەی کابینەی سوودانی، دەبوو سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لەنێو شار بکشێنەوە و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکەن، بەڵام لە کەرکووک بارودۆخەکە بەجۆرێکی دیکەیە و تائێستا دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەستی سوپادایە.
ئەو لێژنەیەی لە وەزارەتی ناوخۆ پێک هێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی توانای لۆجیستی پۆلیسی کەرکووک، چەند جارێک هاتوونەتە شارەکە و لەگەڵ فەرماندەکانی پۆلیس کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیاری وەرگرتنی دۆسیەکە بە پۆلیس نەدراوە، بەلای هاووڵاتیانیشەوە مانەوەی دۆسییەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک لای سوپای عێراق بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی شارەکەی دەزانن.
لەلایەن خۆیەوە، عەقید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو پۆلیس دۆسیەی شەش پارێزگای وەرگرتووە و ئەمساڵیش دۆسیەی پێنج پارێزگای دیکە وەردەگرێت بەڵام دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی کەرکووک، بەغدا، بەسرە و میسان بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوە.
سەرەڕای بوونی چەندین هێزی سەربازی جۆراوجۆر لە شاری کەرکووک، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە چەندین کیلۆمەتر لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری ئەو شارە پڕبکرێتەوە و ئەمەش بووەتە یەکێک لە بیانووەکانی ڕادەست نەکردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک بە پۆلیسی خۆجێیی.