پوتین: لایەنی سێیەم دژی ڕۆژئاوا پڕچەک دەکەین

سەرۆکی ڕوسیا سوێندی خوارد و ڕایگەیاند، چەک بۆ وڵاتانی سێیەم دابین بکات، بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، ئەگەر ڕۆژئاوا ڕێگە بە ئۆکرانیا بدات بە مووشەکی دوور مەودا هێرش بکاتە سەر ڕووسیا.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە میانی دیدارێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر کەسێک پێی وایە دەتوانێت چەکی هاوشێوە لە ناوچەی شەڕ هەڵبدات بۆ لێدانی خاکەکانمان، بۆچی مافی ئەوەمان نییە چەکەکانمان لە هەمان جۆر بنێرین بۆ ناوچەکانی ناو جیهان کە لێدانەکان ئاڕاستەی دامەزراوەکانی سەر بەو وڵاتانە دەکرێت کە دژی ڕووسیا دەجووڵێن؟".
پوتین هۆشداریدا بە ئەڵمانیا، ئەگەر ئۆکرانیا چەکەکانی بەکاربهێنێت بۆ لێدان و ئامانجەکانی ناو ڕووسیا "هەنگاوێکی مەترسیدار" دەبێت و پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و مۆسکۆ تێکدەشکێنێت.
پوتین پێی وایە کە دابینکردنی چەک لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا زیاتر ئاسایشی نێودەوڵەتی تێکدەدات. هەروەها ئەوە نوێنەرایەتی بەشداری ڕاستەوخۆی ئەوان دەکات لە شەڕی دژی فیدراسیۆنی ڕووسیا، ئێمەش مافی خۆمانە بە هەمان شێوە مامەڵە بکەین.
دەشڵێت، "گەیاندنی تانکی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا بۆ زۆرێک لە ڕووسیا مایەی شۆک بوو". ئێستە ئەگەر مووشەک بەکاربهێنن بۆ لێدانی دامەزراوەکانی خاکی ڕووسیا، ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەڵمانیا بەتەواوی.
پوتین گوتیشی، "داوا لە وڵاتان دەکەین کە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا نەخەنە بەردەم، هەروەها بە بایدنم ڕاگەیاندووە، ئەگەر دەتەوێت شەڕ لە ئۆکرانیا ڕابگریت، دەبێت واز لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بهێنیت".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ڕۆژئاوا ڕێگە بە ئۆکرانیا بدات بە مووشەکی دوور مەودا و تەکنەلۆژیای بەرز وەک مووشەکی ستۆرم یان ئەتاخام هێرش بکاتە سەر ڕووسیا، ئەوا ڕووسیا بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر دەکات.
پوتین دەستی خستە سەر بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئەگەری دروستبوونی ململانێی ئەتۆمی و ڕاشیگەیاند، "جیهان دەبێت فرە جەمسەری بێت و قۆرخکاری کۆتایی بێت"، ڕۆژئاوا پێیوایە ڕووسیا هەرگیز چەکی (ئەتۆم) بەکارناهێنێت، بەڵام ڕووسیا دەتوانێت هەموو ڕێگەیەک بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی ئەگەر مەترسی لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بکەوێت". با شتەکان بەو ئاڕاستە پاڵ نەنێین کە هەڕەشە لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکەن، ئێمە هەڕەشەی ئەتۆمی ناکەین.
ئەوەشی ئاشکراکرد کە ئەمەریکا نایەوێت ڕووسیا لە هیچ بوارێکدا سەرکەوتوو بێت.