فەخری کەریم باس لە هەوڵێکی ئیدارەی ئۆباما بۆ لابردنی مام جەلال و کەوتنی موسڵ دەکات

K24 – هەولێر:
فەخری کەریم، ڕاوێژکاری مام جەلال، سەرۆککۆماری کۆچکردووی عێراق لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" پەردەی لەسەر چەند بابەتێکی سیاسیی هەڵداوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی حکومڕانی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، فەخری کەریم ئاماژە بە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەم دواییە دەکات و دەڵێت: "ئەوانەی هەوڵی تیرۆرکردنی منیاندا، تەواو ڕوونە، هەمان ئەو تاوانبارانەن کە خۆپیشاندەران و سەرکردەی ناڕەزایەتییەکانی تشرینی 2019ـەیان تیرۆر کرد، هەموو تاوانەکانی عێراقی نوێش لەلایەن ئەو دەستانەوە ئەنجامدراون، کە زۆرجار بە لایەنی سێیەم دەناسرێن و بەشێکن لە سیستمی حوکمڕانی".
لە درێژەی قسەکانیدا، فەخری کەریم باس لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات و ڕوونی کردووەتەوە: "ئەو هێزانە بە یاسا چەسپێندراون و دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی بودجە و پڕچەک کردن و ڕاهێنان پێکردنیان، بەڵام ئەجێندای خۆیان جێبەجێ دەکەن". فەخری کەریم ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو گرووپانەی خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، پابەند و ملکەچی فەرمانەکانی دەوڵەت نین، بۆیە بەداخەوە لە عێراقدا، نیمچە دەوڵەتێک و دەوڵەتێکی هاوتەریبمان هەیە".
ئەمەریکا بۆ هەوڵی لادانی تاڵەبانی دا؟
فەخری کەریم لە دیدارەکە باس لە هەوڵێکی ئیدارەی پێشووتری ئەمەریکا کردووە کە هەوڵی دوورخستنەوەی جەلال تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق داوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "ڕۆژێک عەلی خوزەیری، ڕاوێژکاری باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پەیوەندی بە سەرۆکایەتی کۆمارەوە کرد و وەک بەرپرسی دۆسیەی هەڵبژاردن، پەیوەندییەکەیان بۆ من گواستەوە و گوتی پەیامێکی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی واشنتنەوە پێیە".
لەبارەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی واشنتن، فەخری کەریم دەڵێت: وای گواستەوە کە پەیامەکە گوزارشت بوو لە بۆچوونی سەرۆکی ئەمەریکا، پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە کە دەیانەوێت کاندیدبوونی جەلال تاڵەبانی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بکشێننەوە، بەهۆی ئەوەی پیاوێکی ئێرانییە".
بۆچی ئەمەریکا هەڕەشەی کرد چیتر هەرێمی کوردستان ناپارێزێت؟
فەخری کەریم دەڵێت: لێم پرسی ئەگەر کاندیدبوونی تاڵەبانی نەکشێنینەوە، چی ڕوودەدات؟ ئەویش گوتی: پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات دەکەین و هیچ پارێزگارییەکیان لە هەرێمی کوردستان و گرنگیدانیان بۆ دۆزی کورد نابێت. هەروەها بارودۆخی ناوچەیی و عەرەبی بەرامبەر ئێوە باش نابێت و بری ئەو دوو ملیار دۆلارەی لە کۆنگرێسەوە بۆ سوپای عێراق تەرخانکراوە، ڕادەگیرێت.
فەخری کەریم باسی لەوەشکردووە: ئەو شێوازی قسەکردنە بێزاری کردم و ڕاستەوخۆ پێم گوت: "ئێستا وەڵامتان دەدەمەوە، ئەمە وەڵامی سەرۆک بارزانی و نوری مالیکییشە: پێتان خۆش بێت یان نا، تاڵەبانی دەبێتەوە سەرۆک. لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنیش، ئێوە داواتان کردووە و دەشتوانن لێی بکشێنەوە. هەروەها دەزانین عێراق بە سامانی مرۆیی، سامانی سرووشتی و قووڵایی مێژوویی جیا دەکرێتەوە. ئێمە ئێستا گەمارۆدراوین، بەڵام دوای ماوەیەک وڵاتان بەرژەوەندییەکانیان بەبیردێتەوە و دێنە عێراق بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. سەبارەت بە پاراستنی کوردستانیش، ئێمە لە سەردەمی هێنری کیسنجەردا نین، ئێستا لە سەردەمی دەستووری عێراقداین کە تێیدا هاتووە هەرێم بەشێکە لە عێراق و ئاماژەی بە پاراستنیشی کردووە، کە قەوارەیەکە سەرۆک و حکوومەتێکی شەرعی هەیە، بۆیە ئێوە ئازادن لەو هەڵوێستەی دەتانەوێت بیگرنە بەر".
بۆچی ئەمەریکا دەیویست عەلاوی ببێتە سەرۆکۆمار؟
فەخری کەریم باسی لەوەشکردووە: دوای ئەو پەیوەندییە بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکۆمار، لەگەڵ باڵیۆزی چوار ئەندامە هەمیشەییەکەی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوومەوە و داوام لێکردن ڕاوێژ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن لەبارەی ئەو دەستوەردانە قبوڵنەکراوەی ئەو وڵاتە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، بەتایبەتی کە خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئامادە دەکات.
لەبارەی نیگەرانییەکان لەو پێشنیازەی ئەمەریکا، فەخری کەریم دەڵێت: بێگومان بەشێک لە نیگەرانییەکانمان پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە ئەو پێشنیازەی ئەمەریکا نەبێتە قەیرانێکی نوێ لە ناوخۆی عێراق. کە وەک نەریتێکی لێ هاتووە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ شیعە و سەرۆکایەتی کۆماریش بۆ کورد بێت. کاتێک شیعە هەردوو پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و حکوومەت، وەرگرێت، واتە پێدانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە کورد و ئەمەش وادەکات سوننە هەست بە نادادپەروەری بکەن.
فەخری کەریم لەو باسەدا زیاتری ئاشکرا کردووە: "ئەو ئێوارەیە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاگاداری کردینەوە کە سەرۆک باراک ئۆباما پەیوەندی بە تاڵەبانییەوە دەکات. پێش پەیامەکەی ئۆباماش پەیوەندییەکم لە فەرماندەی هێزەکانی ئەمرریکا لە عێراق پێگەیشت و ئەوەی ڕاوێژکاری باڵیۆز گوتی؛ ئەویش هەمان قسەی کردەوە بەڵام بە زمانێکی دیپلۆماسی نەرم. هەمان وەڵامم لە لای خۆمەوە دووبارە کردەوە. هەروەها پێش بەستنی پەیوەندییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، مام جەلال تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری ئەنجامدا کە تێیدا ڕێککەوتن لەسەر شێوازێک کرا بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار وەڵامی ئۆباما بداتەوە و نەجمەددین کەریم، پارێزگاری کۆچکردووی کەرکووکیش دەقەکەی بە وردی وەرگێڕا بۆ زمانی ئینگلیزی.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئۆباما و مام جەلال باسی چییان کرد؟
لەبارەی پەیوەندییەکەی ئۆباما و تاڵەبانی، فەخری کەریم دەڵێت: "من لە تەنیشت سەرۆک بووم کاتێک ئۆباما پەیوەندی کرد. بانگەوازەکەی بە ستایشێکی زۆرەوە بۆ تاڵەبانی دەستی پێکرد، و پێی وت: ئێمە وەک جۆرج واشنتن (سەرۆکی دامەزرێنەری ئەمەریکا) لە ناوچەکەدا سەیری تۆ دەکەین. دڵنیاین کە پێگەیەکی گەورەتان دەبێت. نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە شوێنێکی فراوانتر کە لەگەڵ باڵای تۆدا بگونجێت. ئۆباما لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام بوو، گەیشتە خاڵی سەرەکی، کە بریتییە لە: ئێمە (واتە ئەمەریکا) بە هۆکاری سیاسی پۆستی سەرۆکایەتیمان دەوێت و چووە ناو هەندێک وردەکارییەوە.
لەسەر بنەمای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکارییەکەدا ڕێککەوتنی لەسەر کرا، تاڵەبانی وەڵامی دایەوە و وتی: خۆم کاندید نەکردووە. گەلی کورد و سەرکردایەتی کورد منیان کاندید کرد، هەروەها بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی شیعە و زۆرێک لە لایەنە سوننەکان. من ناتوانم لەو بارەیەوە بڕیار بدەم، ئەوانەی منیان کاندید کردووە، مافی ئەوەیان هەیە بڕیار بدەن.
مام جەلال بە ئۆبامای گوت: ڕاشکاوانە جەنابی سەرۆک، دەتەوێت بکشێمەوە، وەک من لێی تێگەیشتووم، کاندیدی داهاتوو لە لیستی (عێراقییە)یە و شیعەیە، کەواتە چۆن دۆخی سیاسی دەخوێنیتەوە لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران شیعە و سەرۆکی کۆمار شیعە بێت و دەتەوێت سەرۆکایەتی پەرلەمان بدەیت بە کورد؟ ئەی پێکهاتەی سوننە چی بکات؟ لێرەدا ئۆباما وتی: زۆر سوپاس بۆ ئەم تێبینییە. پێدەچێت کێشەکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە چارەسەر نەکرێت.
هاوکات لەبارەی ئەو تۆمەتەی کە گوایە مام جەلال پیاوی ئێرانە، فەخری کەریم دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕاستییەک لەم تۆمەتەدا نییە. تاڵەبانی سەرکردەیەکی نیشتمانییە، بەڵێ دۆستی ئێران بوو؛ بەڵام پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەمەریکاشدا هەبوو. ئەم مەسەلەیە لە هەوڵێکدا بەکارهێنرا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێشتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لە دەستی مالیکیدا، سەرەڕای ئەوەی عەلاوی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا بوو. ئەمەریکا بیری لەوە کردەوە کە شوێنێکی جێگرەوە بۆ عەلاوی بدۆزێتەوە".

وەڵامی فەخری کەریم بۆ عەلاوی چی بوو کاتێک گوتی سەدام هیچ موڵکێکی بەناوەوە نییە؟
لەبارەی هەوڵەکانی کابینەکەی عەلاوی بۆ بەدواداچوونی بۆ ماڵ و موڵکەکانی سەدام، کاتێک ئەیاد عەلاوی ڕایگەیاند: هیچ بەڵگەنامەیەکیان دەستنەکەوتووە کە موڵکێک بە ناوی سەرۆکی ڕژێمی پێشووەوە بێت، فەخری کەریم دەڵێت: لەگەڵ ڕێزم بۆ عەلاوی، بەڵام سەدام پێویستی بەوە نەبوو تاپۆی موڵکێکی بەناوەوە بێت، ئەو وەک دیکتاتۆرێک هەموو عێراقی بە موڵکی خۆی دەزانی".
هاوکات ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق باسی لە گەندەڵی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامیش کردووە بەشێوەیەک کە گەیشتووەتە ئاستی دیارنەمانی 400 ملیار دۆلار دەڵێت: "گەندەڵی بە هەموو دەرکەوتەکانی تاڵان، سەرپێچی، دزی و بەرتیلەوە بووەتە کولتوورێکی کۆمەڵایەتی: "ئێمە تەنها گەندەڵی پراکتیزە ناکەین، بەڵکو گەندەڵیشمان هەیە بۆ هەناردەکردن".
فەخری کەریم باس لە گرووپە بەرژەوەندی خوازەکان دەکات دەڵێت: کاتێک وڵات تاڵان دەکرێت، ئەوان بە هیچ جۆرێک بەرپرسیاریەتی هەڵناگرن و شەڕەف و غیرەتیان نییە بۆ نیشتمان، گەل و ئایندە و سامانەکەی. لەبارەی دەسەڵاتی دادوەریشەوە دەڵێت: ئەوان هەندێک جار هەوڵ دەدەن، بەهۆی ئەو دۆخە حکومڕانییەی هەیە تەنیا دەتوانین چاوەڕێی هەڵوێستێک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە بکەین کە وەڵامی خواستەکانی خەڵک بداتەوە.
کێن ئەوانەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان نەمێنێت؟
فەخری کەریم لە دیمانەکەی ئەو ڕۆژنامەیەدا جەختی کردووەتەوە: "دەتوانین بڵێین دادگای فیدراڵی سنووری ئەو ئەرکانەی تێپەڕاندووە کە دەستوور دیاریی کردووە" و زیاتر دەڵێت: "دادگا بۆتە ئامرازێکی سیاسی و ئەمە تەنانەت لایەنەکانی ناو سیستەمی حوکمڕانیش دەڵێن. کەسانێک هەن کە بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دەچوێنن. ئەو لە سەرووی دەسەڵاتەوەیە و لە حاڵەتە زۆر سەیرەکاندا دەستوەردان دەکات. چۆن دادگا دەتوانێت سەرۆکی پەرلەمان لاببات؟ پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە و دەسەڵاتی لەکارلابردنی سەرۆکەکەی لای خۆیەتی. هەندێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە هەموارکردن یان گۆڕانکاری لە ماددە دەستوورییەکان دەچن و ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە.
هەروەها فەخری کەریم باسی لە نیگەرانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و ڕوونیکردووەتەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردەوە و لە بازنە سیاسییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە دادگای فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. فەخری کەریم ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە کردووە: هەندێک گرووپی چەکداری دەسەڵاتدار، دەیانوێت کۆتایی بە هەرێمی کوردستان بهێنێت لە پێناو گەڕاندنەوەی ناوەندگەرایی ڕەها لە ژێر هەژموونی خۆیاندا، دەیانەوێت ئەوەی سەدام حوسێن کردوویەتی دووبارەی بکەنەوە و ئەوان نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

مووسڵ و هەرێمی کوردستان
فەخری کەریم لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا پلانێکی نوری مالیکی ئاشکرا کرد، کە ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، بیرۆکەی لکاندنی پارێزگای نەینەوای بە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەهۆی ئەوەی پێی وابوو، ئەو شارە مۆڵگەی عەرەبە قەومی و بەعسییەکان و تیرۆریستانە و پێی وابووە، ئەگەر لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بێت، بۆ ئەوان باشترە و ئەو بیرۆکەیەی لەگەڵ مام جەلال دا باسکردووە بەڵام پێشوازی لێنەکراوە.
هەروەها فەخری کەریم لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر شاری مووسڵ، ئاماژەی بە گوتەیەکی سەرۆک بارزانی کردووە لە دیمانەکەدا کە ئەوکات سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتی بەرەکانی جەنگی پێشمەرگەی دەکرد دژی چەکدارانی داعش. فەخری کەریم دەڵێت: گوێم لە سەرۆک بارزانی بووە گوتی: ماوەیەک پێش ئەوەی داعش بچێتە ناو شاری مووسڵ، زانیاریمان پێگەیشت کە توندڕەوەکان بنکەیان لە ناوچەی "حەزەر" لە باشووری ڕۆژئاوای مووسڵ، نزیک سنووری سووریا دامەزراندووە. من لە ڕێگەی بەڕێز عەمار ئەلحەکیم، دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس و ستیڤ بیکرۆفت باڵیۆزی ئەمریکاوە نامەم بۆ نووری مالیکی سەرۆک وەزیران نارد. پێم گوت: پێی بڵێن سەرقاڵی ئەنبارە، و گرنگی بە مووسڵ نادات، کە بووەتە مەیدانی کراوە. پێشنیازم کرد ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش دەستپێبکەین بۆ ڕێگریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و دەوروبەری لەلایەن توندڕەوەکانەوە.
سەرۆک بارزانی پێش حەوت مانگ لە داگیرکردنی موسڵ، نووری مالیکی ئاگادارکردەوە
فەخری کەریم دەڵێت: ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی لە مانگی کانوونی دووەمی 2013 بوو، وایە حەوت مانگ پێش ئەوەی مووسڵ بکەوێتە ژێر دەستی چەکدارانی داعش، بەڵام مالیکی گرنگی پێنەدا.
هەروەها سەرۆک بارزانی لە سەرەتای 2014 پەیوەندی بە نوری مالیکییەوە کرد و پێی ڕاگەیاند: دۆخی موسڵ مەترسیدارە و با ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش دەستپێبکەین بۆ من ناتوانم بە تەنیا پێشمەرگە بنێرم، ئەو پرسە هەستیاری لەنێوان کورد و عەرەبدا دەوروژێنێت و هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکەدا ئامادەن. فیرقەی دووەمی سوپای عێراق هەیە، پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی تریش هەن. ئێمە ئامادەین زەحمەتییەکە هەڵبگرین، بەڵام با پرۆسەیەکی هاوبەش بێت.
فەخری کەریم دەڵێت: وەڵامی مالیکی بۆ سەرۆک بارزانی ئەوە بوو: "تۆ هەرێمی کوردستان بپارێزە و خەمی دەرەوەی هەرێمت نەبێت، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە".
بەپێی زانیارییەکانی فەخری کەریم، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کردووە: داعش خەونیشی بە کۆنترۆڵ کردنی موسڵەوە نەبینی بوو، ئەو دەیویست تەنیا یەکینەکانی سوپای عێراق سەرقاڵ بکات تا بتوانێت، ئەندامانی خۆی لە زیندانی بادۆش لە ڕۆژئاوای شارەکە ئازاد بکات، بەڵام دواتر ئەو ئەفسەرانەی مالیکی ناردبوویانی، هەڵاتن و پەنایان بۆ بازگەیەکی پێشمەرگە هێنا و دواتریش لەسەر داوای ئەوانیش ڕەوانەی بەغدا کرانەوە.
فەخری کەریم کێیە؟
فەخری کەریم لە ساڵی 1942 لە بنەماڵەیەکی کوردی شیعە لە بەغدا لە دایکبووە وساڵی 1959 پەیوەندی بە حزبی شیوعی عێراقەوە کردووە. لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو چەندین جار ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجەدان بووەتەوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، لە ماوەی نێوان 2006-2014 بووەتە ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری عێراق و ئێستا سەرۆکی دەزگای ئەلمەدایە.