سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەکات

محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، سەردانی عێراق دەکات.
ئال سادق بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ عێراق دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق دەربارەی چەند پرسێک گفتوگۆ دەکات، لەوانە ئامادەکارییەکان بۆ زیارەتکارانی ئێران بۆ نەجەف و کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان لە عێراق.
بە گوتەی باڵیۆزی ئێران، ئامانجی سەردانەکەی باقری کەنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا لە بوارە جیاوازەکان، لەگەڵ تاوتوێی دوایین ئاڵۆزیی و پەرەسەندنەکانی شەڕی غەززەیە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، سبەی پێنجشەممە کاتژمێر 10ی بەیانی، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و عەلی باقری کەنی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیان دەبێت.
هەر لە سەردانەکەی عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا گەیاندنی سوپاس و پێزانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەو هاوخەمیی و بەشداربوونەی لە ڕێوڕەسمی بەڕێ کردنی تەرمی ئیراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچ کردووی ئێران و هاوڵەکانی.
پێشتریش عەلی باقریی کەنی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە بریکس لە مۆسکۆی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات.