حکوومەتی عێراق وەڵامی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان دەداتەوە

سزای لەسێدارەدان لە عێراق
سزای لەسێدارەدان لە عێراق

K24 – هەولێر:

لەبارەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق، حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بە پێکهێنانی لێژنەیەک دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتە و جەختی لەوەشکردووەتەوە، بڕیارەکانی لەسێدارەدان بە بڕیارە دادوەرییەکان لە دژی تیرۆریستان پەسەند کراون.

ڕۆژی هەینی (28ـی حوزەیرانی 2024) باسم عەوادی، گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: بۆ داڕشتنەوەی وێنەیەکی هەمەلایەنە و ڕوون لە بواری جێبەجێکردنی یاسا و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانی ڕێکارە یاسایی و جێبەجێکردنەکان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمای پێکهێنانی لێژنەیەکی دەرکردووە کە وەڵامی فەرمی حکوومەتی عێراق بۆ ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادە دەکەن.

لێژنەکە لە وەزیری داد، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوە، نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار، داواکاری گشتی و نوێنەری لێژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق پێکهاتووە.

عەوادی جەختی کردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق ڕێزی لە سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ گرتووە لە جێبەجێکردنی پرۆسە دادوەرییەکان و ئەو حوکم و یاسایانەی لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی یاسادانانەوە دەرکراون، لە کاتێکدا تاوانەکانی تیرۆر دژ بە ‌خەڵکی عێراق بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کەسی بێتاوان و تیرۆریستان داهێنانیان لە تاوان و ڕشتنی خوێنی خەڵکی بێ گوناهـ کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (27ـی حوزەیرانی 2024) کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ و پرسی لەسێدارەدان لە عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: لە ساڵی 2016ـەوە 400 کەس لە سێدارەدراون و تەنیا ئەمساڵ 30 کەس تاوەکوو ئێستا لە سێدارە دراون، لە کاتێکدا هەشت هەزار کەسی دیکە لە زیندانەکاندا، چاوەڕێی جێبەجێکردنی فەرمانی لە سێدارەدانن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراو، "لەسێدارەدان بەشێوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەدژی ئەو زیندانیانە جێبەجێ دەکرێت کە بە پشتبەستن بە دانپێدانانی گوماناوی لەژێر ئەشکەنجەداندا وەرگیراون و پاڵپشت بە یاسایەکی ناڕوونی دژەتیرۆر، کە ڕەنگە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ببێتە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی".

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە بوونی ئەجێندای سیاسیی لە پشتەوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی لەسێدارەدان لە عێراق، بەتایبەتی لەدژی پێکهاتەی سوونە ئەنجام دەدرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە حکوومەتی عێراقی کردووە دەستبەجێ لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی لەسێدارەدان بوەستێت و پرۆسەی دادگاییکردنی هەموو ئەوانەی فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە دووبارە بکرێتەوە لە پرۆسەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە. هەروەها لێکۆڵینەوەش بکات لە هەموو حاڵەتەکانی ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لە بەندیخانەکان و ئەنجامەکەشی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.

زۆرن ئەو وڵاتانەی لە جیهان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن، ژمارەیان 54 وڵاتە، نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکێتی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی جیهان، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤی دەزانن.

Fly Erbil Advertisment