كه‌ریم سلێمان: هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له بواری كه‌شوهه‌وا و كشتوكاڵدا سوود له كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان وه‌ربگرێت

كۆڕبه‌ندی ئابووریی عێراق به‌ریتانی له له‌نده‌ن به‌ڕێوه ده‌چێت، هاوكات بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان كه له كۆڕبه‌نده‌كه به‌شداره، ئاماژه به‌وه ده‌كات، چه‌ندان كۆمپانیای به‌ریتانی له كۆڕبه‌نده‌كه به‌شدارن و هه‌رێمی كوردستان مه‌به‌ستیه‌تی سوود له تواناكانیان وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌ت به بواری كه‌شوهه‌وا و كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ڕۆژی هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، كه‌ریم سلێمان، بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودێری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا پرسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا پرسێكی سه‌ره‌كی بووه و گفتوگۆی له باره‌وه كراوه.
كه‌ریم سلێمان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ژینگه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه. گوتیشی، هه‌ندێك كۆمپانیای به‌ریتانی كه تایبه‌تمه‌ندن له‌و بواره‌دا، ئۆفه‌ره‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌م بارودۆخه هه‌ڵوێستی زانستی‌یان هه‌بێت.
كه‌ریم سلێمان باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سه‌باره‌ت به گۆڕانی كه‌شوهه‌وا گرنگییه‌كی زۆری به‌و پرسه داوه و چه‌ندان میكانیزم و ده‌ستپێشخه‌ری خراوه‌ته ڕوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان.
بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، دروستكردنی پۆند و به‌نداوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ن كه سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی به بواری كه‌شوهه‌وا و ژینگه ده‌ده‌ن.