ئەمڕۆ واشنتن میوانداریی لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆ دەکات

وێنەیەکی تێکەوڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا و ناتۆ
وێنەیەکی تێکەوڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا و ناتۆ

لە سێیەم ساڵی شەڕی ئۆکرانیادا، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی،  'ناتۆ'  بە میوانداریی هەر یەک لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، نیوزیلەندا و ئوسترالیا، 73مین لووتکەی هاوپەیمانییەکە لە واشنتن دەبەستێت.

هەر یەک لە نیوزلەندا و ژاپۆن و کۆریای باشوور بۆ سێیەم ساڵی لەسەر یەکە لە ئاستی سەرۆکی وڵات ئامادەی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەبن. بەڵام ئوسترالیا جێگری سەرۆکوەزیرانی بۆ بەشداریی لە لووتکەکە ناردووە و بڕیارە تاوەکوو 11ی ئەم مانگە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی لووتکەکە بەردەوام بێت.

ئەم لووتکەیەی ناتۆ دوای 10 ساڵ، دەبێتە دوایین لووتکە بە سەرۆکایەتیی یێنس ستۆڵتنبێرگ وەک سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ، چونکە بڕیارە لە تشرینی یەکەمی 2024، مارک ڕووتە سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا بە سکرتێری  گشتیی نوێی هاوپەیمانی ناتۆ دەستبەکار دەبێت.

لە لووتکەی ئەمجارەی هاوپەیمانییەکەدا، جگە لە 32 وڵاتە ئەندامەکەی ناتۆ، ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی بۆ گفتوگۆ دەربارەی شەڕی غەززە بەشدارن، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.

گرنگترین تەوەرەکانی لووتکەی ئەمساڵی ناتۆ، پرسی ئاشتەوایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی غەززە، بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا، لەگەڵ ڕووبەڕبوونەوەی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە خۆ دەگرێت.

چین لە نزیکەوە، چاودێریی ناوەڕۆک و بڕیار و ڕاسپاردەکانی لووتکەکە دەکات و نیگەرانە لە زیادبوونی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانێتییەکە لە دەرەوەی ئەورووپا و نیوەگۆی ڕۆژاوا، بە تایبەت لە بەشداریی چوار هاوبەشە نوێیەکەی ناتۆ لە زەریای ھیند و ئۆقیانووسی هێمن(ژاپۆن، کۆریای باشوور، نیوزیلەند و ئوسترالیا) .

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لە پەیمانگای بروکینز ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەوروپا ئاڵنگارییەکانی نیوە گۆیی جیهاندا لە ئاسیا و پەرەپێدانی پەیوەندییان تاوتوێ دەکەن و کار لەسەر شکاندنی بەربەستەکانی فراوانکردنی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئەورووپا و ئاسیا و هاوبەشەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا دەکەن.

چین و ڕووسیا، لە جەنگێکی توندی ساردا بەرانبەر یەکتر سەنگەریان گرتووە و هەردوولا لە جووڵە و هەژموونی یەکتر نیگەرانن، ئەمەریکا هێزی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بڵاوکردووەتەوە و چینیش بە بازرگانییەکی فراوان پەلی بۆ بازاڕەکانی سەرتاسەری جیهان هاوێشتووە.

لەلایەن خۆیەوە دوێنێ دووشەممە، حکوومەتی چین لە زاری لین جیان گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وەڵامێکی توندی ئەو ڕاپۆرتانەی دایەوە کە باس لە هەنگاوەکانی فراوانترکردنی هاوپەیمانی ناتۆ دەکەن و گوایە چوار هاوبەشەکەی زەریای ھیند و زەریای هێمن (ژاپۆن، کۆریای باشوور، نیوزیلەند و ئوسترالیا) دەچنە پاڵ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان.

هەروەها ناتۆی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی سنوورەکانی، فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی، گەیشتن بە دەرەوەی ناوچەی بەرگری لەخۆ کردن و هەوڵدان بۆ نانەوەی پشێوی. لە بەرانبەریشدا، ئەمەریکا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ لە هاوپەیمانێتی چین و ڕووسیا و ئێران و کۆریای باکوور نیگەرانن.

ژوو فێنگ، سەرۆکی کۆلێژی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە زانکۆی نانجینگ لە ڕۆژهەڵاتی چین بڕوای وایە، هەڵوێستی فەرمی چین ئەوەیە ناتۆ دەست لە کاروباری ئاسایشی ئۆقیانووسی ھیند و ئۆقیانووسی هێمن وەرنەدات و هاوکات تێڕوانینی خۆی لە ئاست بێجینگ بگۆڕێت و چیتر چین وەک دوژمنێکی ستراتیجی سەیر نەکات.

ڤێنگ دەڵێ " پێویستە ناتۆ، چین وەک هێزێکی ئەرێنی بۆ ئاشتەوایی و سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی جیهانی ببینێت، چونکە لە جیهانی ناسەقامگیر و لاوازدا، گرنگە ئەوروپا، ئەمەریکا و چین هاریکارییە جیهانی و ناوچەییەکانیان بەهێز بکەن."

Fly Erbil Advertisment