ئیسرائیل و حەماس ڕێککەوتن

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پابەندی خۆی بە پلانی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە دووپات دەکاتەوە و ڕایگەیاند، داواکارییەکانی حەماس پێچەوانەی پلانەکەیە و ئامادە نییە قبوڵی بکات، چونکە هەڕەشەیە لەسەر ئیسرائیل.

 بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو پلانەی پێشنیاز کراوە، چوار بنەما لەخۆدەگرێت کە ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی چەکدارانی حەماس بۆ باکووری غەززە، دوای ئازادکردنی بارمتەکانیش نابێت ڕێگری لە ئیسرائیل بکرێت لەوەی بگەڕێتەوە بۆ شەڕ لەدژی ئەو چەکدارانە.

ناتانیاهۆ گوتیشی، "پابەندم بە پلانی ئازادکردنی بارمتەکانمان، بەڵام بکوژانی حەماس بەردەوامن لەو داواکارییانەی کە پێچەوانەی پلانەکەیە و هەڕەشەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل. وەک سەرۆک وەزیران و هەروەها لە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی نیشتمانی، ئامادەنیم ئەو داواکارییانە قبوڵ بکەم".

دەشڵێت: "پابەندی ئەو چوار بنەمایەم کە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل پێویستە. یەکەم دەبێت ڕێگە بە ئیسرائیل بدرێت بگەڕێتەوە بۆ شەڕ تا دەگات بە ئامانجەکانی، دووەم ڕێگە نادەین لە میسرە چەک بە قاچاخ بگات بە دەستی حەماس، سێیەم ڕێگە نادەین تیرۆرستە چەکدارەکان و چەک بگەڕێتەوە بۆ باکووری غەززە، چوارەم لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە زۆرترین ژمارەی بارمتەی زیندوو ئازاد بکرێن".

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە دوایین دانووستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە، هەریەکە لە بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل ڕێککەوتن حوکمڕانی غەززە نەکەن و دەسەڵاتەکە ڕادەستی لایەنێکی دیکەی فەڵەستینی بکەن.

ئاشکراشی دەکات، هەردوولا لەسەر چوارچێوەی دوایین پێشنیازی ئاگربەست کە لە سێ قۆناغ پێکدێت ڕێککەوتوون و حەماس لە دۆخێکی خراپدایە و چەک و تەقەمەنی نەماوە لە شەر بەردەوامبێت، هەروەها ئیسرائیلیش دەیەوێت خۆی بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە ئامادەبکات.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

Fly Erbil Advertisment