زەریف سەرپەرشتیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئێران دەکات

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران - محەممەد جەواد زەریف ڕاسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران - محەممەد جەواد زەریف ڕاسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی حکوومەتی ڕاگوزەر بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ چواردەهەمین کابینەی حکوومەت دەستنیشان کرا.

محەمەد جەواد زەریف، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانی ئێران، نووسیویەتی "سڵاو هاوڕێیان، تکایە گوێ بەو دەنگۆ و هەواڵانە مەدەن کە سەبارەت بە دەستنیشان کردنی ئەندامانی حکوومەت بڵاو کراونەتەوە، چونکە پرۆسەکە تازە دەستی پێ کردووە".

زەریف لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی داوە، هەر لە جێگری یەکەمی سەرۆککۆمارەوە تاوەکوو کۆتایی هیچ کەسایەتییەک بۆ هیچ پۆستێک دەستنیشان نەکراوە، هەنگاوەکانی دیاریکردنی کاندیدانی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەت، دوای وەرگرتن و کۆکردنەوەی پێشنیازەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، کۆمەڵە و ڕێکخراوە زانستییەکان، کۆمەڵە پیشەسازییەکان و بازرگانییەکان و کەرتی تایبەت، دەبێت".

هەروەها بڕیارە 30ی ئەم مانگە ڕێوەڕەسمی سوێند خواردنی چواردەهەمین کابینەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوە بچێت.

ڕاسپاردنی محەممەد جەواد زەریف لە ئەرکی سەرۆکی ئەنجوومەنی حکوومەتی ڕاگوزەر بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ چواردەهەمین کابینەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، نیازی نییە لە هیچ کابینەیەکی دیکەی حکوومەت ڕۆڵی هەبێت. بە گوێرەی بەشێک لە مێدیا ناوخۆییەکانی ئێران، هۆکاری ئەوەی زەریف نایەوێت چیتر بەرپرسیاری وەربگرێت، بۆ هەڵوێستی پەرلەمانی ئێران دەگەڕێتەوە کە متمانەی پێ نادەن.

محەممەد جەواد زەریف لە دایکبووی 1960 – تاران، گەورە دیپلۆماتکاری ئێران کە بە ئەندازیاری ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران ناسراوە لە 15ی ئابی 2013 تاوەکوو 3ی ئابی 2021 لە دوو خولی کابینەی حکوومەتی حەسەن ڕۆحانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران بووە.

پیشووتریش لە 2002 تاوەکوو 2007 نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

Fly Erbil Advertisment