ئێران ڕەتی دەکاتەوە ڕۆڵی لە هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ هەبووبێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی ڕۆڵی لە هەوڵی تیرۆری دۆناڵد ترەمپ، بووبێت و ئەو جۆرە هەواڵانەی ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکای بە ئامانج و هاندەری قین لەدڵانەی سیاسی وەسف کرد.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ترەمپ بەهۆی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا تاوانبارە، بۆیە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دادگاوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکات، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت و سزا بدرێت.
کەناڵی تەلەڤزیۆنی سیئێنئێن و هەواڵدەریی ئاسۆشەیتدپرێس و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و گۆڤاری پۆلیتیکۆ لە زاری بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکاوە ڕایانگەیاندووە، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێک زانیارییان سەبارەت بە پلانی ئێران بۆ کوشتنی دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمەریکا دەست کەوتووە.
ڕۆژی شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.
دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ دەستی پێ کرد و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەریان خست کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە، لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە، و تەقەکەرەکەش کوژرا.