ئەڵمانیا پێداویستی بەرگریی شارستانیی بەسەر تیمەکانی ڕزگارکردن و وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی دابەشکرد

ئەڵمانیا پشتیوانی لە پێشخستنی سیستەمی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەکات و لەو پێناوەدا هاوکارییەکانی لەڕێگەی ئاژانسە مرۆییەکانەوە پێشکەش دەکات.
سێشەممە23ـی تەممووزی 2024، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری خاتوو لویزی ئەمتسبێرگ، کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتی ئەڵمانیا، هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و کونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا و شاندێکی باڵای ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی THW، دامەزراندنی تیمی وەڵامدانەوەی خێرایان لەهەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و زاخۆ، لەهەمان کاتدا تیمێکی نێودەوڵەتی بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانیی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، ئەم دەستپێشخەریە لە چوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئەڵمانیا- ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان -ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دێت، تاوەکو ئێستا توانیویانە قۆناغێکی باش لەدامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لەهەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەن.
لە وتەیەکدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ئەم دیمانەیە کرد بۆ وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان، چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان چ بەشداربوونی ئەم تیمانە لە وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەت لە بوومەلەرزەکەی تورکیا، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە ڕۆڵی دامەزراوەی THW کرد لە پەرەپێدان و بونیاتنانی ژێرخانی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە لویزی ئەمتسبێرگ کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: ئەوان خۆشحاڵن بەم هەماهەنگیە و گوتی: تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانن زیاتر سوود لەم ئەزموونە نێودەوڵەتییانە وەربگرن، هاوکات ئامادەیی خۆشیان پیشاندا بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریی زیاتر لە قۆناغەکانی ئایندەدا.
تاوەکو ئێستا ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لەمیانەی ئەو هاوبەشیە، توانیویەتی پێنج تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لەپارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران، دابمەزرێنێت، ئەمڕۆش هەردوو تیمی گەرمیان و زاخۆ دامەزران، کەتێیدا ڕاهێنانی تەواو بۆ تیمەکە و کەلوپەلی پێویست و ئۆتۆمبێڵەکانی تایبەت بەتیمەکەش پێشکەش کران، لەهەمان کاتدا تیمێکی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانیی، بەئەزموون و کەلووپەلی نێودەوڵەتی و پێشکەوتوو ڕاگەیەنرا.




