36 ساڵ بەسەر ئەنفالی شەش تێدەپەڕێت

36 ساڵ بەسەر دەستپێکی پرۆسەی ئەنفالی 6 دا تێدەپەڕێ کە دۆڵی هیران و مەلەکان و سماقوڵی و بالیسان و وەرتێی گرتەوە، هێشتا برینی بریندارانی بۆردومانی بالیسان و شێخ وەسان بە چەکی کیمیاوی قەتماغەی نەگرتبوو، ڕژێمی بەعس سێ جۆر گازی دیكەی کیمیاوی بەسەر گوندەکانی خۆشناوەتی و سماقوڵی و دۆڵی هیراندا باراندەوە، دوو شایەتحاڵی ڕووداوەکە بۆ کوردستان 24 دەڵێتن، "منداڵە دوو ساڵەکەم لەناو دەستمدا شەهید بوو"، شایەتحاڵێکی دیكەش دەڵێ، "جگە لە بۆمبی کیمیایی بە بۆمبی هێشوویی بۆردومانی کردین وەک باران بەسەرماندا دەبارین".

ڕژێمی بەعس کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی 1988 لە چوارچێوەی پلانی ئەنفالی شەش دۆڵی خۆشناوەتی بەگازی کیمیاوی لەماوەی ساڵێکدا بۆردومان کردەوە، ڕژێمی بەعس دووجار سێ جۆر لە کوشندەترین جۆرەکانی گازی کیمیاوی بەسەر گوندەکەیاندا ڕشتووە، وەک خۆی دەڵێ، هەر خودا نەیکوشتووە.

حاجی سەلام حوسێن، بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی دەڵێ، "فڕۆکەکان بەسەرمانەوە دەسوورانەوە بۆبێکیان هەڵدا ئەو بۆمبە دەبوو بە بازنە، قەبارەکەیان وەردەگرت، دەمزانی ئەو بۆمبانە بۆ ئێمەیە. بۆ جاری یەکەم فڕۆکەکە بە چەکی کیمیایی جبۆردومانی کردین، ئێمە خۆمان شاردەوە، جاری دووەمیش گەڕایەوە دووبارە بۆردومانی کردینەوە دووبارە گەڕایەوە بۆمان بەسێ جار بۆردوومانی کردین، تێدا مندالەکەم بەو چەکە کیمیاییە مرد".

ئەنفالی شەش جگە لە بالیسان، وەرتێ و سماقوڵی و مەلەکان و دۆڵی هیرانیشی گرتەوە، جەمال هیرانی جگە لە شەهیدبوونی کورە حەوت ساڵیەکەی هاوسەرەکەشی چاوەکانی لەدەستدا.

ئەو جگە لەوەی بەرکەوتەی چەکی کیمیاویە و هێز و تینی لێبڕاوە، ئێستەش دەیان پارچەی بۆردومانەکە لە لەشیدا ماوەتەوە

جەمال عومەر، بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی دەڵێت، "دوو بۆمب لە پشتەوەی ئێمەی دا بۆمبەکان وەکو باران دەبارین بەسەرماندا، من خۆم لەناو جۆگەلەیەک شاردەوە، کورەکەم و هاوسەرەکەشم خۆیان لەژێر درەختێکی گوێزدا شاردەوە، بەڵام تێدا کورە حەوت ساڵانەکەم شەهید بوو دایکیشی چاوەکانی لەدەستدا تاکو ئێستە نابینایە".

ڕژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی لە شەش ناوچە لە 23ـی شوباتی ساڵی 1988 دەست پێکردو لە 6ـی ئەیلولی ھەمان ساڵ کۆتایی ھات.

 لە پرۆسەی ئەنفالدا 182 ھەزار کوردستانی ئەنفالکران و چوار ھەزار گوند و 30 شارەدێ روخێنران، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش بەرپرسیارانی ئەنفالی دادگایی کرد و تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستە کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو نەکراونەتەوەو رووفاتی ھەزاران ئەنفالکراویش نەدۆزراوەتەوە.

Fly Erbil Advertisment