هاووڵاتییانی شنگال بە ئازادکردنی ئەندامانی داعش لە سووریا نیگەرانن

K24 – شێخان:
لە دوای ئازادکردنی سەدان ئەندامی داعش لەلایەن هێزەکانی هەسەدە لە سووریا، کەسوکاری قوربانییانی دەستی داعش دڵگرانن لەو بڕیارە و لای خۆشییەوە شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتیی دەڵێت: ئازادکردنی ئەندامانی داعش بەبێ دادگاییکردن، جۆرێکە لە سەرپێچی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
بیرهات هارون، شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئازادکردنی ئەندامانی داعش کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە بە تایبەتی لەسەر کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان، هەروەها کاریگەری لەسەر کۆکردنەوە و بەڵگە، داتا و زانیاری سەبارەت بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان هەیە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: ئازادکردنی ئەندامانی داعش بەبێ دادگاییکردن ، جۆرێکە لە سەرپێچی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لە دوای ئازادکردنی سەدان ئەندامی داعش لەلایەن هێزەکانی هەسەدە لە سووریا، کەسوکاری قوربانییانی دەستی داعش دڵگرانن.
چەکدارانی داعش لە 3ـی ئابی ساڵی 2014 هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال، ژمارەی دانیشتووانی ئەو قەزایە بەر لە هێرشەکە نزیکەی 500 هەزار کەس بوو، دوای هێرشەکەی داعش نزیکەی 250 هەزار کەس ئاوارەبوون و زۆرینەیان ئێزدی بوون، لەو ژمارەیە 50 هەزار کەس لە پەنایان بردە چیای شنگال و لەوێ گیریان خوارد تا لە هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش ڕزگاریان بێت.
دوای ئازادکردنی شنگال، تا مانگی پێنجی ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری و بژێوی ژیان، نزیکەی 183 هەزار ئاوارەی شنگال نەگەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەر بەهۆی هێرشەکەی داعش بۆ سەر قەزای شنگال نزیکەی سێ هەزار کەس کوژران، شەش هەزار ئافرەت و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعش ڕفێندران.