لێژنەی باڵای ئەمنی عێراق و ئێران کۆدەبنەوە

لێژنەی باڵای ئەمنی عێراق و ئێران بۆ جێبەجکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەدان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی تەممووزی 2024، هەردوو لێژنەی باڵای ئەمنی عێراق و ئێران لە بەغدا بە سەرۆکایەتیی، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە مەبەستی جێبەجکردنی هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی لە کۆبوونەوەدان.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنداوەکەی نووسینگە ئەعرەجی، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێک لە بارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی بڵاو بکرێتەوە.
یەكشەممە 19ی ئاداری 2023، محەممەد سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕێککەوتنێکی ئەمنیان ئیمزا کرد.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی عێراق دڵنیایی داوەتە تاران کە ڕێگەنادات خاكی عێراق دژ بە وڵاتانی دراوسێ بەكار بهێنرێت و ببێتە گۆڕەپانی هێزە چەكدارەكانی دژ بە ئێران.
هەروەها ڕێککەوتن رێگە نەدەن هیچ لایەنێك زیان بە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگەیەنن.