خامنەیی داوای کردووە ڕاستەوخۆ هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل

خامنەیی و ئیسماعیل هەنییە (وێنە: ئەرشیف)
خامنەیی و ئیسماعیل هەنییە (وێنە: ئەرشیف)

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای کردووە لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر چەند شوێنێکی ئیسرائیل.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر زاری سێ بەرپرسی ئێرانی ڕایگەیاندووە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی کردووە، هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشە خوێناوییەکەی ئیسرائیل بۆ تاران و کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران بدەنەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، چەند کاتژمێرێک دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا خامنەیی فەرمانەکەی دەرکردووە.

نیویۆرک ‌تایمز ئاماژەی بەوەش داوە، خامنەیی فەرمانی بە سوپای پاسداران و ئەرتەشی وڵاتەکەی کردووە پلانی پێویست بۆ هێرشەکە ئامادە بکەن.

هاوکات، بەهۆی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، خامنەیی داوای کردووە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بکەونە ئامادەباشییەوە.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 31-07-2024، لە هێرشێکدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان لە تاران کوژران.

هەر چەندە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام سوپای پاسدران و بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بە کردنی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.

سوپای پاسدرانی ئێران ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕووداوەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەن. هەروەها حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاندووە.

هاوکات عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، میوانی ئازیزی ئێمەی لە ناو ماڵی ئێمەدا شەهید کرد و هەموومانی خەمبار کرد، بەڵام ڕێگەی لەبەردەم سزادانێکی قورسی خۆی خۆش کرد".

خامنەیی سەرەخۆشیی ئاراستەی بەرەی موقاوەمە و گەلی فەلەستین و بنەماڵەی هەنیە کردووە و جەختی کردووەتەوە لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لە ناو خاکی ئێراندا ڕوویداوە، کۆماری ئیسلامیی ئیران تۆڵە سەندنەوەی بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

Fly Erbil Advertisment