نیویۆرک تایمز: لە دوای کوژرانی هەنییە زیاتر لە 20 کەس لە تاران دەستگیرکراون

ڕۆژنامەمەکی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە لەچوار چێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی لە تاران، زیاتر لە 20 کەس دەستگیرکراون، کە بەرپرسانیشی تێدایە، بەڵام ئێران هیچ زانیارییەکی فەرمی لەمبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، حکوومەتی ئێران زیاتر لە 20 کەسی لە تاران دەستگیرکردووە، لە نیویاندا ئەفسەری هەواڵگری، بەرپرسانی سەربازیی و کارمەندانی دەستەی میوانداری شوێنی حەوانەوەکەی هەنییەی تێدایە.
ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە لە زاری بەرپرسێکی سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ پێشوازی لە بەرپرسە باڵاکان گۆڕانکاریی بەسەر پرۆتۆکۆلە ئەمنییەکاندا هاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدا ئێران دوو ڕاگەیەندراوی لە بارەی لێکۆڵینەوەکان لە چۆنێتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ناواخنی هیچ یەکێک لە ڕاگەیەندراوەکان وردەکارییەکانی ڕووداوە و دەستگیرکردنی هیچ گومان لێکراویان باس نەکردووە.
لەلایەنی خۆیەوە ناوەندی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا کە ئاژانسی ئێرنا بڵاویکردووەتەوە، ئەو ڕاپۆرتەی لە بەشێک لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی هەنیە بڵاوکراوەتەوە، ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، کە ڕاپۆرتێکی ساختە و هەڵبەستراوە.
ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامی ئێران لە پۆستەکە لە تاران، بەڵام دوای ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر دووی شەو بە کاتی تاران لە هێرشێکدا خۆیی و پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران، لە کاتێکدا لە شوێنێکی پارێزراوی حەوانەوەدا بوون کە شوێنەکە دەکەوێتە ناوچەی ئەمنی ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداران.