حوسێن قائیدی: تاکو ئێستە سێ هەزار و 579 کەسی ئێزدی ڕزگار کراون

بەرپرسی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش ڕایگەیاند، شەش هەزار و 417 کەسی ئێزدی کەوتوونەتە دەستی تیرۆرستانی داعش، لەو کاتەوە تاکوو ئیستە سێ هەزار و 579 کەس ڕزگار کراون، بەپێی ئەو ئامارەش دوو هەزار و 596 کەس بزرن.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئابی 2024، حوسێن قائیدی، بەرپرسی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 10 ساڵ تێپەڕی بەسەر کوژران و ڕفاندنی کوردانی ئێزدی، لە هەرێمی کوردستان بەم بۆنەوە چەندان چالاکی لەسەر ئاستێکی بەرز کرا.
حوسێن قائیدی دەڵێت: نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان لە ساڵی 2014 لەسەر بڕیاری نێچێرڤان بارزانی دامەزرا، ئامانجی سەرەکیشی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعشە؛ بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەو کاتەدا دەستی ئێمە کەوت، شەش هەزار و 417 کەسی ئێزدی کەوتووبوونە دەستی تیرۆرستانی داعش. لەو کاتەوەش تاکو ئیستە سێ هەزار و 579 کەس ڕزگار کراون، بەپێی ئەو ئامارەش دوو هەزار و 596 کەس تاکوو ئێستە بزرن. کاری ئێمەش هەر بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاکو یەک کەس لە ڕفێندراوانە لای داعش مابێت.
دەشڵێت: دوای نەمانی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە، بە پیویستمان زانی بەشێوەیەکی دیکە پلانەکانمان بگۆڕین و مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ بکەین، تاکو بۆ ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ کەڵکی لێ وەربگیرین. چونکە ئەوکاتە کە داعش لە ناوچەکەدا بوو پلانی ئێمە جیاواز بوو، کە داعش نەما پلانی ئێمە گۆڕانی بەسەردا هاتوو چووە قۆناغێکی دیکە.
حوسێن قائیدی ڕاشیگەیاند "ئێمە چەند دۆسییەکمان دروست کردووە، دۆسییەی عێراق و سووریا بەتایبەتیش دۆسییەکی تایبەت بە کەمپی هۆل. هەروەها بۆ ئێمە دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر لە کەس و کاری ئێمە تاکو ئێستە لە ژیاندا ماون. بەتایبەت لە ڕۆژئاوای سووریا و سووریا لەناو کەمپی هۆل دا، دەزانین کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکارمان ئێستە لەناو کەمپی هۆل دایە و ژمارەیەکی دیکەش لەوڵاتانی دیکەن؛ بەڵام کاری سەرەکیی ئێمە وەکو نووسینگە، ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەوە بکات ئایا کەسوکاری ئێمە تاکوو ئیستە لە کوێن و ڕزگاریان بکەین، بۆ هەر شوێن و کەسێکیش پلانی تایبەتمان داناوە بۆ ڕزگارکردنیان".
هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی لێ کەوتەوە
هێرشەکەی ڕۆژی 3ـی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا، سێ ھەزار و 576 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.