ئەمەریکا بە بەهای 20 ملیار دۆلار چەک بە ئیسرائیل دەفرۆشێت

ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی و کەرەستەی سەربازیی دیکە بە بەهای 20 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل، لە نێویشیاندا فڕۆکەی ئێف- 15، تاکو درێژە بە شەڕی 10 مانگەی خۆی لە کەرتی غەززە دەدات، بەڵام لای خۆیەوە پنتاگۆن ڕایگەیاند، بۆ ماوەی ساڵانێک دەست بە ڕادەستکردنی فڕۆکەی جەنگی ناکات.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پنتاگۆن، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکە و کەرەستەی ئێف-15 بە بەهای نزیکەی 19 ملیار دۆلار، جگە لە تەقەمەنی تانک بە بەهای 774 ملیۆن دۆلار، تەقەمەنی هاوەنی تەقینەوە بە بەهای زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار و ئۆتۆمبێلی سەربازی بە بەهای 583 دۆلار ملیۆن.

پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-15ـی کۆمپانیای بۆینگ ساڵانێکی زۆری بخایەنێت و لە ساڵی 2029ەوە دەست بە گەیاندنی فڕۆکە جەنگییەکان دەکرێت، بەپێی پنتاگۆن بڕیارە لە ساڵی 2026ەوە گەیاندنی ئامێرەکانی دیکە دەست پێبکات، بەڵام پسپۆڕێکی پرۆسەکە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە هەندێک پێش ساڵی 2026 بکرێت.

پنتاگۆن ڕاشیگەیاند، "ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە، هەروەها ئیسرائیل گرنگە بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا. یارمەتی ئیسرائیل دەدات، بۆ پەرەپێدان و پاراستنی توانا بەهێز و ئامادەکانی بەرگریکردن لە خۆ".

لە پۆستێکدا لە ماڵپەڕی ئێکس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یۆئاڤ گالانت، سوپاسی بەرپرسانی ئەمەریکای کرد کە یارمەتی ئیسرائیلیان داوە بۆ پاراستنی ئیسرائیل و پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل.

Fly Erbil Advertisment