غەززە، بە هۆی نەخۆشی لە نێو ئاوارەکاندا 40 هەزار کەس تووشی نەخۆشی جگەر بوون

درێژەدان بەشەڕی غەززە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو ئاوارەکاندا، لەناویشیاندا هەوکردنی جگەر، کە تا ئێستە نزیکەی 40 هەزار کەس لە غەززە تووشی بوون.

پزیشکەکانی غەززە دەڵێن؛ کۆبوونەوەی دەیان هەزار کەس لە غەززە و نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاک، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی جگەر خێراتردەکەن، پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بەهانایانەوە بێت، چونکە چارەسەریان بۆ ئەو نەخۆشییە پێ نییە.

نەخۆشی دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی دردەداران، ئەمە دۆخی هەزاران فەڵەستینیە کە بەدەم نەخۆشییەوە لە خێوەتگەی ئاوارەکان دەتلێنەوە، لەسەرو هەموو نەخۆشییەکانیشەوە نەخۆشی هەوکردنی جگەر، گەورە و بچووک توشی دەبێت، بەشێوەی جۆراو و جۆر ئازاری نەخۆشەکان دەدات.

باوکی نەخۆشێک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کوڕەکەم بەدەست ئازاری هەوکردنی جگەرەوە گرفتارە، ئەم نەخۆشییە هۆکارەکەی خراپیی و پیسیی دۆخی کەمپەکان و زۆری کۆچکردنی فەڵەستینییەکانە. "ئێمە لە خان یونس و رەفەح سێ جار ئاوارەبووین، ئەمەش وایکردووە شتی خراپ بخۆین".

هۆکارگەلێک کە لەدوای شەڕی غەززەوە هاتوونەتە کایەوە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی جگەر لەوانەش؛ پیسی ئاوی خواردنەوە، کۆبوونەوەی زۆری خەڵک لە خێوەتگەکان و نەخۆشی جۆراوجۆری دیکە.

پەرستارێک دەڵێ، "نزیکەی دوو ملیۆن کەس ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و لەناوچەیەکی زۆر بچووکدا دەژین. ئەم قەرەباڵغییە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەوانەش نەخۆشی هەوکردنی جگەر".

بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆسەر ژێرخانی غەززە، دۆخەکەی هێندەی دیکە قورسکردووە، کە بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی پاک و خاوێنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان خێراتردەکەن.

لای خۆیەوە پزیشکێکیش دەڵێت، "ئێمە کێشەی زۆرمان لە نەخۆشخانەکانی غەززە هەیە، چونکە بەراورد بەو ملیۆنان کەسەی لێرەن، پاک و خاوێن نییە، کارەبا و خواردنی نییە. لە هەمووی گرنگتر ئۆکسجین و کەرەستەی لێنییە".

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لە مەترسییەکانی بڵابوونەوەی نەخۆشی و بەتابەتی هەوکردنی جگەر لە غەززە، لە سەرەتای شەڕەوە نزیکەی 40 هەزار حاڵەتی ئەم نەخۆشییە تۆمارکراون.

نەهامەتییەکانی خەڵکی غەززە ڕۆژ لەدوای رۆژ بەردەوامن، لەگەڵیشیدا ئازار و نەهامەتییەکانی نەخۆشەکان و کەسوکاریان، چاوەکانیش لەسەر ڕاگیرانی شەڕن بۆ کەمبوونەوەی ئێش و ئازاری خەڵکی غەززە ئەگەر کەمێکیش بێت.

Fly Erbil Advertisment