فەرەنسا ڕاوێژکارانی خۆی بۆ پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرێتە کوردستان

کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا
کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا

پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت: لە داهاتوودا شان بە شانی وڵاتانی هاوپەیمان، فەرەنسا ڕاوێژکارانی خۆی بۆ پاڵپشتیی چەند پڕۆژەیەکی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرێتە کوردستان.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە "لیوای ئەندازیار نەبەز سەڵاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ جەنەراڵ ئۆلیڤەر سێلۆ، بەڕێوەبەری کاروباری سەربازیی و سڤیڵ لە پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، هاوکات کۆڵۆنێڵ جۆن مارک، بەرپرسی تیمی فەرەنسی لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە پوختەیەکی هەوڵەکانی وەزارەتەکەی بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی چەند پرۆژەیەکدا پێشکەش بە شاندە سەربازییەکەی فەرەنسا کرد، لە لایەن خۆیەوە جەنەڕاڵ ئۆلیڤەر، ئامادەیی فەرەنسای نیشان دا بۆ پاڵپشتیی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات جەختیان لە گرنگیی پەیوەندیی کردنی وڵاتەکەی کردەوە بە گروپی فرە نەتەوەیی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانان، ئاماژەی بەوەشکرد "لە داهاتوودا، شان بە شانی وڵاتانی هاوپەیمان، فەرەنسا ڕاوێژکاری خۆی بنێرێت بۆ پاڵپشتی چەند پڕۆژەیەکی بەرنامەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە".

Fly Erbil Advertisment