ئهمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ دەبێتەوە

ئهمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە و بەرەی تورکمانیش هۆشداری دەدات.
بڕیارە ئهمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ یەکەمجار دوای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆ ببێتەوە. بەرەی تورکمانی و حزبی سیادەش ڕەتیان کردووەتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش تاوەكو ئێستا بڕیاری بەشداریكردنی نەداوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبن، تێیدا دامەزراندنی هاووڵاتییان بەشێوەی گرێبەست و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگا و پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی بۆ بەرەی تورکمانی تەرخان کراوە ، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
هاوكات کوردستان24 زانیویەتی، بەرەی تورکمانی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات و ڕایدەگەیەنن، تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی نابێت دەستکاری پۆستەکان بکرێت.
هەروەها پارتی سیادەش بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکات، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستە بڕیاری نەداوە، بەشدار دەبێت یان نا.
هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن
شەوی شەممە، 10-08-2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
ڕۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، ڕێبوار تەها، وەکوو پارێزگاری نوێی کەرکووک دەست بە کار بوو؛ ڕۆژی یەکشەممەش، 18-08-2024، محەممەد حافز، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەست بە کار بوو.