ئەکرەم ساڵح:هەر ڕێککەوتنێک بێ ئاگاداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی خیانەت

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی پارتی لە گەرمیان
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی پارتی لە گەرمیان

بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەر ڕێککەوتنێک بێ ئاگاداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی خیانەت و خاکفرۆشییەوە.

یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی پارتی لە گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کت و پڕ هێزێکی حەشدی شەعبی لە بۆشاییەکی ئەمنی هاتنە نێو سنووری پێشمەرگە لەنێو سنووری ناحیەی کۆڵەجۆ، لەوێش چوونە سەر بیرەکانی نەوت بە چەک و جبەخانەوە بێ ئەوەی هەماهەنگییان لەگەڵ ژووری هاوبەشی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا هەبێت کە جێگەی پرسیارە، دەڵێت: ئەو هێزە دوو ئەجێندایان لەو جووڵە سەربازییە هەبوو، ئەجێندایەکیان داگیرکردنی خاکبوو، ئەجێندای دووەمیش دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەکانە بۆ ئەوەی بە قاچاغ بیبەن، گوتی: پرۆسەیەکی گوماناوییە، پێوستە وەزارەتی پێشمەرگە ئەو بۆشاییە ئەمنییانە بە لیواکان پڕ بکاتەوە کە هێزی هاوبەش و ڕاهێنراون، دەتوانن باشتر سنوورەکان بپارێزن،  گوتیشی: لیوای پێنجی پیادە ڕێگرییان لەو هێزەی حەشدی شەعبی کرد، ئەوە وای کرد تێبگەن بەربەست لەبەردەمیان هەیە.

ئەکرەم ساڵح گوتی: ئەو ناوچەیە داعشی تێدا نییە چونکە ژیانی تێدا نییە و بێ ئاوە، دەشڵێت: هەر ڕێککەوتنێک بێ ئاگاداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی خیانەت و خاکفرۆشی، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو لایەنە بکات کە ڕێککەوتنی ژێر بەژێری لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە، چونکە هیچ جموجۆڵێکی داعش لەو ناوچەیە نییە، بەڵام بۆشایی ئەمنی هەیە، بۆیە دەرفەتیان قۆستووەتەوە بێنە ناوچەکە، ئەو چەک و جبەخانەیەی پێیان بوو، هی مانەوە بوو.

گوتیشی: ڕاستە حکوومەتی عێراقی ئاگاداری ئەو جموجۆڵە سەربازییەی حەشدی شەعبی نەبووە، چونکە لە عێراق دوو حکوومەت هەیە، محەمەد شیاع سوودانی حکوومەتێکە، لەگەڵ ئەو حکوومەتە سێبەرەی کە میلیشیاکان ئیدارەی دەکەن بەپێی ئەجێندای ئیقلیمی، دەڵێت: لەو حاڵەتەدا پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لەو هێزانە بکات کە کێشە بۆ عێراق دروست دەکەن و  دەیانەوێت خەڵکی کوردستان دووچاری کێشەی سیاسیی و ئابووریی بکەن بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن سازشیان بۆ بکەن، بەڵام هەڵەن، چونکە خەڵکی هەرێمی کوردستان سازش لەهەرچی بکات، سازش لە کەرامەتی خۆی ناکات.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، یەکێتی ناحیەی کۆڵەجۆی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.

ناحیەی کوڵەجۆ سەر بە قەزای کفرییە، ناوچەیەکی کشتوکاڵیی گەورە و دەوڵەمەندە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەلار – گوڵاڵە، بە دووری 15 کیلۆمەتر لە قەزای کەلار، سەرجەم دانیشتووانی کۆڵەجۆ و گوندەکانی دەوروبەری کوردن.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدار دەبوون بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکەوە، دەستیان بەسەر ناحیەی کۆڵەجۆدا گرت، چەندین سەنگەریان لێ دا و گوتیان: بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هاتووین و هەر لایەنێک ڕێگریمان لێ بکات، ڕووبەڕووی دەبینەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوت، یەكێتی فەرمانی بە لیوای پێنجی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، ڕووبەڕووی هێزەکەی حەشدی نەبنەوە، چونکە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردوون.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هێزەکەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر بیرە نەوتەکانی کۆڵەجۆدا گرت و هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە نزیک بیرە نەوتەکان لەو کاتە نەما، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، ناوچەکەیان چۆڵ کرد.

Fly Erbil Advertisment